رووماڵ

نێردراوی کوردستان24 لە دوبەی: شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری لە دوبەی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری لە دوبەی

K24 – هەولێر:

بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە وڵاتی ئیمارات، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن کە بڕیارەی سبەی دووشەممە کارەکانی ئەو لوتکە جیهانییە سێ رۆژییە لە دوبەی دەستپێبکات.

رۆژی یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە وڵاتی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە هەریەکە لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی و محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و چەند راوێژکارێک یاوەری دەکەن.

عەمار نەجمەددین، نێردراوی کوردستان24 لە دوبەی راگەیاند، دوای گەیشتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە فڕۆکەخانە بە گەرمی پێشوازی لێکرا لەلایەن خەلیفە شاهین ئەلمەرەر، وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی ئیمارات، مزەفەر مستەفا جبووری، باڵیۆزی عێراق لە وڵاتی ئیمارات، ئەحمەد زاهیری، کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر و ئامەد عەبدولحەمید، کونسوڵی عێراق لە میرنشینی دوبەی.

نێردراوی کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی دووشەممە (11ـی شوباتی 2024) کاتژمێر (15:30) بەکاتی کوردستان، لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و باس لە دیدگای نوێ بۆ گەشەپێدان و ئابوورییەکانی ئاییندە دەکات.

رۆژی یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: خۆشحاڵم بە بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024.

پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024) لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە رۆژانی  12 تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

هەر لە لوتکەکەدا بڕیارە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان گوتارێک پێشکەش بکات. هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان  و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی دەبێت. 

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە ساڵانە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی ئایندەبینی حکومەتەکان و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەرکردە و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 12 تاوەکو 14ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ئەو لوتکەیە بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکومەتەکانی جیهان.

هەروەها پلانی لوتکەکە بەگشتی بریتیە لە لەخۆگرتنی  110 کۆبوونەوەی سەرەکی دیالۆگ، کە 200 کەسایەتی نێودەوڵەتی تێیدا قسە دەکەن، جگە لە بەستنی 23 کۆبوونەوەی وەزاری و دانیشتنی جێبەجێکردن، کە زیاتر لە 300 وەزیری حکومەتە جیاوازەکان بەشداری تێدا دەکەن.