شرۆڤەکارێک: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزی ناوچەکەیە و پشتی پێدەبەسترێت

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی و ئابووری رایگەیاند، بەشداریکردنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان، ئەوە دەردەخات کە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان، هێشتا پێیان وایە هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە.

د. فاروق قەرەداغی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئابووری لە ئیستانبوڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناوچەکە بەکاتێکی هەستیار تێدەپەڕێت، بەتایبەت ئەو هێرشانەی دوایی کە کرایە سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی لە کۆڕبەندێکی جیهانی لەوشێوەیە و لەوکاتەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە.

گوتیشی: ئەو بەشداریکردنە ئەوە دەردەخات کە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان، هێشتا پێیان وایە هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە، دەشڵێت: لەساڵی 1991ەوە تاوەکو ساڵی 2017 جیهان یەک جەمسەر بوو ئەویش جەمسەری هێز لەلای ئەمەریکا بوو، بەڵام ئێستا جیهان جیهانی فرە جەمسەرییە.

باسی لەوەشکرد، لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا دو فاکتەری گرنگ هەیە بۆ مانەوە و بەهێزبوونی هەر وڵاتێک یان هەر هەرێمێک، ئەویش فاکتەری ناوخۆیی و دەرەوەیە، بۆیە فاکتەر و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستبووە، چونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە فاکتەرێک بێت بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.

ئەو شرۆڤەکارە راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆسیش لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لێکراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزی ناوچەکەیە بۆ ئەو وڵاتانە و پشتی پێدەبەسترێت، ئەمەش جۆرێکە لە نامە بۆ دوژمنانی هەرێمی کوردستان، کە ئەو وڵاتانە پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.