حەسەن مەجید: لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک نەگەیشتوونەتە رێککەوتن

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باس لەوە دەکات، تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکەی ئەنجوومەنەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. جەختیش دەکاتە، "دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ تاکە رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

زیاتر لە 15 رۆژە ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 13-02-2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی و یەکێتی و کۆتای کریستیان ئامادەی دانیشتنەکان دەبن، بەڵام عەرەب و تورکمانەکانن بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەن، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەکە نەکرێت.

بە گوتەی حەسەن مەجید، "پارتی هیچ کاتێک ئاستەنگی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دروستنەکردووە". گوتیشی، "تاوەکو ئێستا پارتی لەگەڵ عەرەب، تورکمان و هیچ لایەنێکی دیکە رێککەوتنی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکردووە".

لایەنە سیاسییەکان وەکو ئەوەی حەسەن مەجید باسی کرد، بۆ ئەوەی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەن و پۆستەکانی دیکە بگەنە رێککەوتن، "پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و قسە بکەن". ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر مێزی گفتوگۆ دەتوانرێت را و بۆچوونە جیاوازەکان لەیەکتر نزیکبکرێنەوە.

لەسەر ئاستی ئەو 15 پارێزگایەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا بەڕێوەچوو، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە سەرکەوتوونەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نێوان لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن.

بڕیاربوو رۆژی 01-02-2021، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام نەکرا و بۆ رۆژی 05-02-2024 دواخرا، ئەو رۆژەش هەرچەندە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و کۆتایەکی کریستییانەکان بەشداربوون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی (نیاسی قانوونی) کۆبوونەوەکە جارێکی دیکە نەکرا و داوخرا.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 41%،  کە شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.

لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 7765 بنکەی ده‌نگدانی ئامادەکرد لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدانی لەخۆگرتبوو، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان. لە کاتێکدا 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە کرد کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا.