شاندی دانووستانکاری ئیسرائیل قاهیرەی جێهێشت

دیداری سەرۆکی میسر و سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل لە قاهیرە
دیداری سەرۆکی میسر و سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل لە قاهیرە

K24 - هەولێر

شاندی دانووستانکاری ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (14ی شوباتی 2024) قاهیرەی پایتەختی میسریان جێهێشت و گەڕانەوە ئەلئەڤیڤ.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ سیشەممە، ولیام بێرنز بەڕێوەبەری ناوەندی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی)، دەیڤید بارنیا سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیرانی قەتەر و بەرپرسانی میسری لە قاهیرە بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس گفتوگۆیان کردووە، بەڵام هیچ پەیامێکیان لەبارەی رێککەوتن بڵاونەکردووەتەوە.

لەبارەی دانووستانەکان، رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست و تایمز ئۆف ئیسرائیل هەواڵی گەڕانەوە شاندی دانووستانکاری ئیسرائیلیان بڵاوکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ رودەکارییەک لەبارەی ئاگربەستی کاتی بڵاوبکەنەوە.

هەروەها کەناڵی هەواڵی قاهیرە لە زاری بەرپرسانی باڵای میسری بڵاویکردووەتەوە، گوایە دانووستانەکان ئەرێنی بوون و لەژێر فشارە نێودەوڵەتییەکانی بۆ راگرتنی شەڕ لە سێ رۆژی داهاتوودا دانووستانەکانی بەردەوام دەبن.

لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، بزووتنەوەکەیان ئامادەی گفتووگۆیە لە سەر هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاگربەست و راگرتنی شەڕ.

بەرپرسەکەی حەماس ئاماژەیداوە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی فەڵەستینی چاوەڕێی ئەنجامی دانووستانەکەی قاهیرە دەکەن.

چڕکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان لە کاتێکدایە، کە ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشێکی فراوانی زەمینی بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە کردووە، ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی لێکەوتووەو ترس لە روودانی کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی دەکرێت، چونکە زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارەی کەرتی غەززە لەو شار کۆبوونەتەوە.

چەکدارانی حەماس لە (7ی ئۆکتۆبەری 2023) هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەلئەڤیڤ بەهۆیەوە هەزار 160 کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیل بوون، هەروەها 250 کەسیشیان رفاند، بەڵام دوای 46 شەش رۆژ ئاگربەستێکی کاتیی و مرۆیی بۆ هەفتەیەک لە نێوان ئیسرئیل و حەماس راگەیەندرا و ئاڵوگۆڕی 105 بارمتە بەرانبەر بە 240 زیندانی حەماس کرا، ئێستا حکومەتی ئیسرئیل دەڵی؛ 130 بارمتەیان لە دەستی چەکدارانی حەماس ماوە، بەڵام باس لە کوژرانی 29 بارمتە دەکرێت بەهۆی شەڕو پێکدادانەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14ی شوباتی 2024) شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس پێدەنێتە  130یەمین رۆژ و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین سەر بە حەماس تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 28473 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زینەشیان ئافرەت و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 68146 کەسی دیکەش برینداربوون.