پێنتاگۆن: لوید ئۆستن نەخۆشخانەی بەجێهێشت و ئەرکەکانی لە ماڵەوە ئەنجام دەدات

K24 - هەولێر
پێنتاگۆن رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا نەخۆشخانەی جێهێشتووە گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
نووسینگەی وەزیری بەرگری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لوید ئۆستن تەندروستی باش بووە و ئەمڕۆ لەماڵەوە دەست بەئەرکەکانی دەکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی ئەم هەفتەیەش دەچێتەوە پێنتاگۆن".
پزیشکانی نەخۆشخانەی واڵتەر ڕیدی سەربازی لەبەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، "رۆژی یەکشەممە لوید ئۆستن بەهۆی بوونی کێشەی تەندروستی لە میزڵدانی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە ".
ئاماژەیان بەوەشکرد، "حاڵەتەکەی پێویستی بە چاودێری ورد هەبوو، بەڵام لە رۆژی دووشەممە 12ـی شوبات، کێشەی میزڵدانی چارەسەرکرا و رێکارەکانی چارەسەرکردنی بۆ ئەنجامدرا، بەبێ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بکرێت".
پزیشکەکان باسیان لەوەشکرد "ئەو بە درێژایی ماوەکە لە دۆخێکی باشدا ماوەتەوە و چیتر پێویستی بە چاودێری چڕ نییە"، هەروەها رۆژی سێشەممە رێگەی فراوە بگەڕێتەوە ماڵەوە.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە 1ـ1-2024، گواسترایەوە بۆ سەنتەری پزیشکی سەربازی واڵتەر ڕید، پێنتاگۆنیش راستییەکەی لە ئەمەریکییەکان و کۆشکی سپی و کۆنگرێس شاردبووەوە، ئەمەش رەخنەی سیاسی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
ئەم رووداوە شەپۆلێکی رەخنەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی لێکەوتەوە، داوای لێکۆڵینەوەیان لە کۆنگرێس کرد، لە کاتێکدا گوتەبێژی جۆو بایدن، پشتڕاستی کردەوە کە "متمانەیەکی تەواو"ـی بە وەزیری بەرگری هەیە.
نوێنەرانی هەردوولا رایانگەیاند، نیگەرانییەکی قووڵیان هەیە، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاداری ئەوە نەبووە کە یەکێک لە وەزیرە گرنگەکانی حکومەتەکەی ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە لەکاتێکدا دوو شەڕ لە غەززە و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت.
ئەمەجاری دووەمە ئۆستن دەکەوێتە نەخۆشخانە، لەوبارەوە گوتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، لوید ئۆستن، "وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بەشی چاودێری چڕ لە سەنتەری پزیشکی سەربازی واڵتەر ڕید خەوێندراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر".
پیشووتر ئۆستن رایگەیاندووە کە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە.