رووماڵ

شرۆڤەکارێکی سیاسی: هەرێمی کوردستان دراوسێیەکی گرنگە بۆ تورکیا

"هەرێمی کوردستان لەو هەرێمانەیە کە سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و کەمکردنەوەی تەنگژەو ئاڵۆزییەکان"

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەرێمی تورکیا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکان، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان دراوسێیەکی گرنگە بۆ تورکیا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی شوباتی 2024، مستەفا شەفیق، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو سەردانە بەشێوەیەکی گشتی سەردانێکە و لوتکەیەکی جیهانی گرنگ بوو، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕێک هەیە کە لەنێوان دوو بۆ چوون و دوو دیدگا و روانگەی جیاواز دەبینین. لایەنێک زۆر دووپات لەسەر شەڕ، و توندو تیژی و ئاژاوە دەکاتەوە، هەوڵدەدات تەنگژە زیاد بکات. لایەنێکیش هەیە هەوڵدەدات کێشەکان بە ئاشتی، ئارامی و بە گفتوگۆ و دانووستان چارەسەر بکرێت.

بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە: "هەرێمی کوردستان لەو هەرێمانەیە کە سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و کەمکردنەوەی تەنگژەو ئاڵۆزییەکان، تورکیا لەنێوان ئەو چەند ساڵەی رابردوودا بەتایبەت دوای شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی ئەم دواییەی غەززە، لە پێگەیەکی زۆر گرنگدایە هەم رووبەڕووی تەنگژەو ئاڵۆزی بۆتەوە، هەمیش دەرفەت و توانای زۆریشی هەیە. لەبەر ئەوە تورکیا پێویستی بە دیزاینکردنەوەی پەیوەندییەکان هەیە لەگەڵ دەوروبەر بە شێوەیەکی گشتی، بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان. تورکیا سێ پێویستی گرنگی لەبەردەمدایە یەکیان ئاسایشە، وزە، لەگەڵ دابینکردنی ئاسایشێکی هەرێمی. لەو رووەوە تورکیا زۆر پێویستی بە هەرێمی کوردستانە کە لە گشت ئەم بوارانە. هەرێمی کوردستان دراوسێیەکی گرنگە بۆ تورکیا کە هاوکاری و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دەتوانێت بەرەو ئاراستەیەکی باشی ببات".

مستەفا شەفیق راشیگەیاند، ئەگەر لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی پەیوەندییەکان باش نەبن رەنگە بۆ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا خراپ بێت، ئەگەر سەیری هەرێمی کوردستان بکەین، دەروازەیەکە بۆ عێراق و تورکیا و هەروەها بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، لەبەر ئەوە کە بەشداری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیشمان لە لوتکەدا بینی، بەشدارییەکی بەهێز و چالاک بوو، دیدارەکانیش گرنگ بوون لە میدیای تورکی و میدیای جیهانیش رەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ریزی پێشەوەی ئەو کەسانە بوو کە دیدار و  پەیوەندیی گشتییان هەبووە لەگەڵ میری کەنداو.

ئەو ئەوەشیخستە روو، بەشداری کردنی کوردستان لەم لوتکانەدا زۆر گرنگە، میدیای تورکیش لای خۆیەوە گرنگییەکی زۆر باشی پێدا.