سوودانی پیشوازی لە وەزیری وزەی سعوودیە کرد

K24- هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە وەزیری وزەی سعوودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان و شاندی یاوەری کرد.

لە میانەی دیدارەکەدا ئاسۆی هاریکاری نێوان عێراق و سعوودیە لە بوارە جیاجیاکان تاوتوێ کرا، هەروەها جەخت لەسەر فراوانکردنی هاوبەشی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی کۆمپانیا سعودییەکان بۆ ناو بازاڕی عێراق دەربڕی، ئاماژەی بە ئاستی پێشکەوتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق و کەرتی وزە.

 لای خۆیەوە وەزیری وزەی سعوودیە جەختی لەسەر خواستی وڵاتەکەی کرد بۆ بەردەوامبوون لە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشی و هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا.

Fly Erbil Advertisment