یونامی: وازهێنانی پلاسخارت لە ئەرکەکەی لە عێراق پەیوەندی بە پرسی گەندەڵییەوە نییە

یونامی
یونامی

K24 – هەولێر:

یونامی لە راگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە وازهێنانی جنین هێنس پلاسخارت لە ئەرکەکەی وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق پەیوەندی بە دۆسیەی گەندەڵی رێکخراوێکی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هەبێت.

رۆژی چوارشەممە (14ـی شوباتی 2024) یونامی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، یونامی دەیەوێت ئەو زانیاری و هەواڵە چەواشەکارییانەی هەندێک لە میدیا و سۆشیال میدیاکانی عێراق راستبکاتەوە سەبارەت بە پرسی کۆتاییهاتنی ئەرکی پلاسخارت وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق.

یونامی روونیکردووەتەوە، کە وازهێنانی پلاسخارت لە ئەرکەکەی پەیوەندی بە رێکارە ئاساییەکانی نێو دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، کە بەشێوەیەکی ستاندارد بەرپرسانی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێوەی خولی لە ئەرکەکانیان.

هەروەها یونامی لەبارەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردییانی بەریتانی کە ئاماژەی بە بوونی گەندەڵی لە کارەکانی رێکخراوی "یو ئێن دی پی" لە عێراق باسی لەوەکردووە، لە رووی کارگێری و داراییەوە کارەکانی یونامی و ئەو رێکخراوە جیاوازن.

یونامی داوای لە دەزگاکانی راگەیاندنەکانیش کردووە کە بە وردبینییەوە کار لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان بکەن و خۆیان لە زانیاری چەواشەکارانە بەدوور بگرن.

راگەیەندراوەکەی یونامی
راگەیەندراوەکەی یونامی

لە کۆتا هەفتەی مانگی رابردوو، لە بەدواداچوونێکدا کە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئەنجامیداوە و ئاشکرایکردووە، ئەو کارمەندانەی کە لە عێراق کاردەکەن بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان داوای بەرتیل دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتی بازرگانان بدەن بۆ بەدەستهێنانی گرێبەست لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ لە وڵاتەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای 15%ـی بەهای گرێبەستەکان دەکەن.

دوای ئەوەش، گوتەبێژەکەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: UNDP بەهیچ شێوەیەک لێبووردنی بۆ ساختەکاری و گەندەڵی نییە، ئەمەش هەموو کارمەندانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و کارمەندانی دەرەوەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و دابینکەران و هاوبەشە جێبەجێکارەکان و لایەنە بەرپرسیارەکان دەگرێتەوە.

رۆژی (6ـی شوباتی 2024) لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، جنین پلاسخارت، لەبارەی داهاتووی خۆی لە عێراق رایگەیاند: لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆتایی بە ئەرکەکەم دێت لە عێراق و ئەوەش کۆتا راپۆرتی من دەبێت بۆ ئەم ئەنجوومەنە لەسەر عێراق.

Fly Erbil Advertisment