پارێزگای هەولێر: سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدان

K24 – هەولێر:

پارێزگای هەولێر، رایگەیاند، لە ئێستادا سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشی و ئەرکدان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14ـی شوباتی 2024) پارێزگای هەولێر، لەمیانەی راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم تیمەکانی (بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانییەکان، ناوەندی قەیرانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاو و ئاوەڕۆکان، ئاودێری، تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی، لقی هەولێری مانگی سوور) لە ئامادەباشی و ئەرکدان.

لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە، وێڕای ئەنجامدانی هەموو ئەو هەنگاو و کارانەی گیراوەتەبەر، تیمی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن لە پاککردنەوەى چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆڵ و ئاوەڕۆكان لە گەڕەک و شەقامە سەرەکیەکان و شوێنە گشتییەکان.

ناز جەلال، بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ کاتێک دەستەی کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی کەشناسی بڵاوکردەوە کە باسی لەوەکرد بارانی بەخوڕ دەبارێت و بەردەوام دەبێت تا سبەی، راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان رێکخرابوو، کە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە خزمەتگوزارییەکانی لەخۆگرتبوو بۆ ئامادەکاری و رێگەگرتن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر، دەڵێت: تیمەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، سەرجەم رێڕەوەکانی ئاوی سرووشتی خاوێنکراونەتەوە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، هەروەها تیمەکان لەو شوێنانەی کە ئەگەری روودانی لافاو هەیە ئێشکگرن.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) ده‌سته‌ی كەشناسی عێراقی بڵاویكرده‌وه،‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارینی به‌خوڕ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دەگرێتەوە‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش به‌فر دەبارێت و له‌ رۆژهه‌ڵاتی عێراقیش ئه‌گه‌ری روودانی لافاو هه‌یه‌.

ده‌سته‌ی كه‌شناسی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، شه‌پۆله‌كه‌ له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا رۆژی شه‌ممه‌ لە ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی باشوور، پێشبینی ده‌كرێت ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی كۆتایی بێت.

Fly Erbil Advertisment