هاووڵاتییانی بابل داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکە دەکەن

K24 - هەولێر
هاووڵاتییانی بابل داوا لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەکەن پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکە ئاسایی بکاتەوە. دەشڵێن، "بەهۆی بڕیارەکەوە زۆر زیانمان پێ گەیشتووە".
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، سەدان بەشداربووی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە پارێزگای بابل لە دژی بڕیارێکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران داوایان کرد، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیارەکەی لەبارەی راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکەی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە و پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە.
بەشداربوویەکی خۆپیشاندانەکە ئاماژەی بەوە کرد، "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین پەیوەندی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک و کۆمپانیا پەیوەندییەکانی دیکەی عێراق ئاسایی بکەنەوە، چونکە زۆر سوودمان لە کۆمپانیای کۆڕەک بینیوە و بەباشی خزمەتی بەشداربووانی دەکات".
بە گوتەی بەشداربوویەکی دیکەی خۆپیشاندانەکە، "کۆمپانیای کۆڕەک، کۆمپانیایەکی زۆر باش و بە سوودە و لەلای خەڵکی عێراق ناسراوە و، بۆ ماوەیەکی زۆرە بە کاری دەهێنن. تووشی شۆک بووین کاتێک پەیوەندی نێوان کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکە بچڕا، داوا دەکەین هێڵەکانی پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان ئاسایی بکرێتەوە".
هاووڵاتییەکی دانیشتووی بابل جەختی کردەوە، کۆمپانیای کۆڕەک چەندین ئۆفەری زۆر باشی بۆ بەشداربووانی هەبووە و ئەوان زۆر سوودیان لێ بینیوە، بۆیە داوا لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەکەن، بڕیارەکەیان هەڵبوەشێننەوە، "چونکە لە بابل ژمارەیەکی زۆری بەشداربووی کۆڕەک هەن".
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، بەهۆی کێشەیەک لە نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە؛ دەستەکە بڕیاریدا بە راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندییەکان لە عێراق.
دەستەکە هەروەها فەرمانیکرد بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و داوای لە هاووڵاتیان کرد سیمکاریی نوێی کۆمپانیای کۆڕەک نەکڕن.