سامان شاڵی: چه‌كوشی دادگای فیدڕاڵی له‌ عێراق حوكم ده‌كات

سامان شاڵی، شرۆڤه‌كاری سیاسی
سامان شاڵی، شرۆڤه‌كاری سیاسی

K24 - هەولێر:

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، چه‌كوشی دادگای فیدڕاڵی له‌ بری په‌رله‌مان، حكومه‌ت و هاوپه‌یمانیه‌تی نێوان پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق حوكم ده‌كات، ئه‌ویش بۆ سه‌ركوتكردنی كورد و سوننه‌یه‌. ده‌شڵێت، یه‌كگرتوویی كورد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی كه‌ له‌ به‌غدا ده‌رده‌چن، باشترین چه‌كه‌.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 15ـی شوباتی 2024) سامان شاڵی، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوای ساڵی 2003 عێراقی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگی، سازان و هاوبه‌شی بونیات نرا، به‌ڵام ئێستا له‌ عێراقدا ئه‌و سێكوچكه‌یه‌ كه‌ بنه‌مای پێكهانی ده‌وڵه‌تی نوێ بوون، نه‌ماون.

سامان شاڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ عێراقی ئه‌مڕۆدا، زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ حوكم ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك چه‌كوشی دادگای فیدڕاڵی كه‌ به‌ده‌ست شیعه‌وه‌یه‌ له‌ بری په‌رله‌مان، حكومه‌ت و هاوپه‌یمانیه‌تی نێوان پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان حوكم ده‌كات.

روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه‌ و كه‌مینه‌، چه‌كوشی دادگای فیدڕاڵی بۆ سه‌ركوتكردنی كورد و سوننه‌ دانراوه‌. نموونه‌ی به‌وه‌ش هێنایه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 10 مانگه‌ رێگه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نادرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، یه‌كگرتوویی كورد رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت له‌ ره‌واندنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی بڕیاره‌كان كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ جیاجیاكانی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌چن.

Fly Erbil Advertisment