نێردەی بازرگانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ کوردستان24: بەریتانیا دۆستێکی جددی هەرێمی کوردستانە

K24 – هەولێر:

نێردەی بازرگانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەیە و هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی هەولێریشی وەک دڵی پەیوەندی نێوان هەردوولا وەسفکرد.

رۆژی پێنجشەممە (15ـی شوباتی 2024) ئێما نیکۆڵسن، نێردەی بازرگانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، 180 کۆمپانیای بازرگانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستانن و دەیانەوێت هانی وەبەرهێنەری زیاتریش بدەن بێنە هەرێمی کوردستان.

ئێما نیکۆڵسن گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەیە. ئێمە بۆ چەندین دەیە پێش رووخانی سەدام حوسێن لە رووی سیاسی و سەربازییە پشتیوانی ئێوەمان کردووە. بۆیە بەریتانیا دۆستێکی زۆر جددی هەرێمی کوردستانە".

نێردەی بازرگانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد: "سەبارەت بە ئەنجوومەنی بازرگانی عێراق و بەریتانیا، ئەمە کڕۆکی پەیوەندییەکانە. ژووری بارزگانی هەولێر، کە ئەندامێکی دامەزرێنەری ئەنجوومەنەکەیە و دڵی ئەم پەیوەندییە نزیکەی نێوان هەرێمی کوردستانە وەک هەرێمێکی سەقامگیر لەگەڵ بەریتانیا، کە نزیکەی 180 کۆمپانیای بازرگانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان هەن. من حەز دەکەم ئەم ژمارەیە سێ هێندەبێت، بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ وەبەرهێنانی زیاتری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان".

Fly Erbil Advertisment