میونشن.. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه
K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له میونشن له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆده‌بێته‌وه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 16ـی شوباتی 2024) نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن چاوی به ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان كه‌وت و كۆبوونه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منيى و سياسيى عێراق و ئاڵنگارى و مه‌ترسييه‌كانى سه‌ر ئارامى و سهقامگيريى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، گفتوگۆيان كرد.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كراوه، هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ئارامى و سهقامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه گرنگه و ده‌بێ ئاساييش و سهروهريى عێراق پارێزراو بێت و ڕێگه نه‌درێت عێراق بخزێته نێو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه. هه‌روه‌ها جه‌ختيان كرده‌وه كه له كاتێكدا ناوچه‌كه به دۆخێكى ههستيارى ئه‌منيدا تێده‌په‌ڕێت، ده‌بێ هه‌مووان دان به خۆيان‌دا بگرن و يارمه‌تيده‌ر بن بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه و پاراستنى سه‌قامگيرى.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، نێچيرڤان بارزانى ستايشى ئاماده‌يى و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و هاوكارى و يارمه‌تييه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و كار و چالاكييه‌كانى تيمى UNى له عێراق به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند. لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز گۆتێرێس سوپاسى ڕۆڵى ئهرێنيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرد.
دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، پێويستيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى هه‌ڵبژادنى هه‌رێمى كوردستان له نزيكترين كاتى گونجاو‌دا، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و شه‌ڕ و بارى مرۆيى له غه‌ززه، چه‌ند باسێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه بوونه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له میانه‌ی به‌شدارییان له كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان كۆبووه‌وه.
پێشتریش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووه‌وه، بۆ به‌شداريكردن له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشندا، رۆژی پێنجشه‌ممه (15ـی شوباتی 2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ره‌و وڵاتی ئه‌ڵمانيا به‌ڕێكه‌وت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له ميانى كۆنفرانسه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له سه‌ركرده و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان، ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى ده‌بێت و ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منى و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م ئاسايش و سه‌قامگيریی له عێراق و ناوچه‌كه و جيهان گفتوگۆيان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و بيروڕا ده‌گۆڕنه‌وه، هه‌روه‌ها تێڕوانينى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌يه‌وه ده‌خاته‌ڕوو.
هەروەها بڕیارە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، هاريكاريى هاوبه‌ش له بوارى ئه‌منيدا، گرنگيى كارى پێكهوهيى و هه‌وڵدان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی له عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و دوورخستنهوهيان له ئاڵۆزى و پشێويى زياتر، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و به‌رپرسانى وڵاتان گفتوگۆ بکات.