بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی عێراق: لە مانگەکانی داهاتووشدا بارانبارین بەردەوام دەبێت

عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی عێراق
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی عێراق

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی عێراق، رایدەگەیەنێت؛ رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ دڵخۆشکەرە و هەروەها پێشبینی دەکات تا رۆژی شەمە ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕە بەردەوام بێت.

عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، پێشتر هۆشداریمان دابوو کە لە لافاو لە ناوچەکان دروست دەبێت بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، بێگومان ئەوەش روویدا لە دوو رۆژی رابردوو، شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت تا رۆژی شەممە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی عێراق، راشیگەیاند، لێزمەباران بۆ سبەی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لە هەماکاتدا لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت، لە هەندێک ناوچەش تاوەکو یەکشەمە بەردەوام دەبێت.

عامر جابری، ئاماژەی بەوەدا، لە مانگەکانی داهاتووشدا رێژەیەکی دیکەی باران لە تەواوی ناوچەکان دەبارێت، تا ئێستا بارانێکی باش باریووە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، ئەگەر ئەمساڵ بەراورد بکەین بە ساڵی رابردوو رەنگە ئاماژەکان دڵخۆشکەربن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسی عێراق، دەڵێت: خوازیارین دڵپۆێک ئاو بەفیڕۆ نەچێت و ئاستی ئاو لە رووبارەکان زیاتر بەرزببێتەوە، بۆیە پێویستە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق پلانی ستراتیژیان هەبێت بۆ گلدانەوەی ئاو، بۆ ئەوەی  لە وەرزی هاوین سوود لەو ئاوە وەبگیرێتەوە.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) ده‌سته‌ی كەشناسی عێراقی بڵاویكرده‌وه،‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارینی به‌خوڕ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دەگرێته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش به‌فر دەبارێت 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، شه‌پۆله‌كه‌ له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی باشوور، پێشبینی ده‌كرێت ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی كۆتایی بێت.

Fly Erbil Advertisment