بەریتانیا لە سەر گیان لەدەستدانی ناڤالینی دیبلۆماتکارەکانی رووسیا بانگهێشت دەکات

K24 - هەولێر
حکومەتی بەریتانیا دیبلۆماتکارانی باڵیۆزخانەی رووسیای لە لەندەن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد و پێیڕاگەیاندن، بەرپرسیارێتی گیان لەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالینی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی رووسیایە و دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد و روون لە هۆکار و چۆنێتی گیان لەدەستدانی ناڤالینی بکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، "هیچ کەسێک نییە گومانی لە سروشتی دڕندەیی رژێمی رووسیا نەبێت"، لە کاتێکدا لەم ساڵانەی دواییدا بە تۆمەت ساختە و هەڵبەستراو ناڤالینی زیندانی کردو بە گاز ژەهراوی کرد، دواتر بۆ سزادان دووری خستەوە جەمسەری باکوور.
هەر لە کاردانەوەکانی گیان لەدەستدانی ئەلێکساندەر ناڤالینی، ئۆپۆزسیۆنی سەرسەخت و دژبەری سەرۆکی رووسیا، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە لەندەن بە خۆپیشاندان چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی رووسیا و بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و رووسی دروشمیان لە دژی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەوتەوە.
رۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) میدیاکانی رووسیا بڵاویانكردهوه، ئەلێكسی ناڤالینی، سهركردهی بەرھەڵستكاری رووسی لە تەمەنی 47 ساڵیدا له ناو زینداندا گیانی لهدهستداوه.
ئەلێکسی ئاناتۆلیڤیچ ناڤالینی پارێزەر و چالاکوانێکی سیاسیی، سەرۆکی پارتی رووسیای داهاتوو بووە و چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە وڵاتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە، هەروەها پارتی دەسەڵاتداری رووسیا بە حزبێکی گەندەڵ تۆمەتبار کردووە و چەندین خۆپیشاندانی لە رووسیا رێکخستووە.
ناڤالینی لە 2018 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا کاندید کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر بە دزیکردن تاوانبار کرابوو، داواکارییەکەی بۆ خۆکاندیدکردن رەتکرایەوە.
هەروەها لە ساڵی 2020 ژەهرخوارد کرا و نێردرایە بەرلین تا چارەسەری پزیشکی وەربگرێت، لەم دۆسیەیەدا ناڤالینی، خودی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا بە ژەهرخواردکردنەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 گەڕایەوە بۆ رووسیا و دەستبەجێ دەستگیرکرا و بە تۆمەتی گەندەڵی و دزیکردن، سزای 11 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر سەپێندرا، لە کاردارنەوەی دەستگیرکردنیدا لە سەرتاسەری رووسیا خۆپیشاندان رێکخراو داوای ئازادکردنی ناڤالینی کرا، بەهۆی دروستبوونی توندوتیژی خۆپیشاندانەکان پۆلیسی رووسیا نزیکەی پێنج هەزار خۆپیشاندەری دەستگیرکرد، دواتر لە 2023 بە تۆمەتی پێکهێنانی رێکخراوی توندڕەو و پارەدارکردنی توندڕەوان جارێکی دیکە سزای 19 ساڵ زیندانی بەسەر سەپێندرا و دوورخرایەوە بۆ زیندانی هەرێمی یامۆلۆ نێنێتس.
بەگوێرەی میدیاکانی رووسیا ناڤالینی بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستییەوە گیانی لە دەستدا، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەنجامی هیچ راپۆرتێکی پزیشکی لە سەر هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی لەلایەن حکومەتی رووسیا بڵانەکراوەتەوە.