کاروان سەباح: کابینەی نۆیەم گۆڕانکارییەکی جۆری لە ئیدارەدانی کەرتی ئاو هێنایە کایەوە

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ بەشێکی باش لە سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بووژاوەتەوە، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی بەنداوە بچوک و مامناوەند و پۆندەکان زۆربەیان سەرێژ بوون.

د. کاروان سەباح، بەرێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند،  بەهۆی کاریگەری ئەو بارانەی باریووە، بەشێکی باش لەسەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بووژاوەتەوە، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی بەنداوە بچوک و مامناوەند و پۆندەکان زۆربەیان سەرێژ بوون. گوتیشی: دۆخی بەنداوە گەورەکانیش لەساڵی رابردوو باشترە.

بەگوتەی بەرێوەبەرەکەی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لەساڵی رابردوو زۆر باشترە، هەروەها بەنداوی دوکان تۆزێک باشترە لەساڵی پار بەڵام بەو شێوەیە نییە، دەشڵێت، دۆخی بەنداوی دهۆکیش پارساڵ زۆر خراپ بەڵام ئەمساڵ باشترە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی دروستکردنی هەر پڕۆژەیەکی بەنداو و پۆند، ناتوانرێت ئاو گل بدرێتەوە، بەڵام سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، فەرمانی کردبوو کە چەند بتوانرێت ئەمساڵ ئاو گل بدرێتەوە، بۆیە ئەو بەنداوانەی وەکو "گۆمەسپان و بەستۆڕە" کە هێشتا پڕۆژەکە تەواو نەبووە و لەژێر کارکردندان، بەڵام ئاوێکی باشی تێیدا گل دراوەتەوە.

جەختیکردەوە، بەداخەوە بەگشتی ژێرخانی ئێمە بۆ گلدانەوەی ئاو وەکو پێویست نەبووە، بەڵام کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی جۆری لە ئیدارەدانی کەرتی ئاو هێنایە کایەوە، بەمەش بیر لەوەکرایەوە کە چۆن سوود لەو ئاوە وەربگیرێت و بە فیڕۆ نەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم لەماوەی ئەو چوار ساڵە ژمارەیەکی زۆر بەنداو و پۆند دروستکران یان نۆژەنکرانەوە، کە توانای گلدانەوەی ئاو زۆری هەبووە.

گوتیشێ: بۆ یەکەمینجار پڕۆژەیەکی دیکەمان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە، ئەویش ئەوەیە ئاوی ئەو بارانە کۆدەکرێتەوە و لەرێگەی تەکنیکێکەوە دەخرێتەوە ژێر زەوی، بۆ ئەوەی حەوزە ئاوییەکانی ژێر زەوی پڕبکەینەوە. دەشڵێت: ئەوپڕۆژەیە لە چیای شەکرۆک لەنزیک هەریر، لە بەرزاییەکانی تارین و لە دارەتوو جێبەجێکراون.

Fly Erbil Advertisment