له دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا رۆڵى پێشمه‌رگه‌ی له تێكشاندنى داعش به‌رزنرخاند
K24 - هەولێر:
له په‌راوێزی كۆنفرانسی میونشن، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2024/2/17 له ميونشن، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ديدارێكیدا له‌گه‌ڵ بۆريس پيستۆريوس وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا، ڕۆڵى كاريگه‌رى ئه‌ڵمانياى له شه‌ڕى دژى داعشدا به‌زر نرخاند و سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى ئه‌ڵمانيا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌روه‌ها هاتووه، سه‌رۆكی هه‌رێم ستايشى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ يارمه‌تيدانى له پرۆسه‌ى يهكخستنهوهى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه.
لاى خۆشيه‌وه وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا وێڕاى ده‌ربڕينى سوپاس و پێزانين بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكشاندنى داعشدا، به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه ئه‌منييه‌كاندا، دووپاتكرده‌وه.
پێشتریش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووه‌وه، بۆ به‌شداريكردن له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشندا، رۆژی پێنجشه‌ممه (15ـی شوباتی 2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ره‌و وڵاتی ئه‌ڵمانيا به‌ڕێكه‌وت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له ميانى كۆنفرانسه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له سه‌ركرده و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان، ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى ده‌بێت و ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منى و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م ئاسايش و سه‌قامگيریی له عێراق و ناوچه‌كه و جيهان گفتوگۆيان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و بيروڕا ده‌گۆڕنه‌وه، هه‌روه‌ها تێڕوانينى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌يه‌وه ده‌خاته‌ڕوو.
هەروەها بڕیارە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، هاريكاريى هاوبه‌ش له بوارى ئه‌منيدا، گرنگيى كارى پێكهوهيى و هه‌وڵدان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی له عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و دوورخستنهوهيان له ئاڵۆزى و پشێويى زياتر، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و به‌رپرسانى وڵاتان گفتوگۆ بکات.