لیستی ئاڵنگارییەكان بۆ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەمساڵ دوور و درێژە

K24 – هەولێر:

لیستی ئاڵنگارییەكان بۆ كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشنی ئەمساڵ دوور و درێژە. ئەوەی زۆرترین قسەی لەبارەوە دەكرێت ئاسایش و داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەراستە. بانگهێشتی فەرمی و بەشداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میونشن دەرخەری گرنگی رۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستانە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی دووەم رۆژی 60ەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن چەندین سەرۆك و سەركردەی جیهانی بینیوە، پەیام و هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی و كاریگەری ناوچەكە گەیاندووەتە هەموو جیهان.

ئاسایشی هەر گۆشەیەكی ئەم هەسارەیە ئاسایشی هەموو جیهانە، ئەم تێڕوانینە دەیان سەرۆك و سەرۆكوەزیران و وەزیر و شاندی باڵای وڵاتانی لە 60ەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كۆكردوەتەوە.

گرنگترین بابەت پەیوەست بە ئاسایش، ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستن. هەرێمی كوردستانیش كارەكتەرێكی دیاری ئاسایشی ناوچەكەیە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیام و هەڵوێستی كوردستانی گەیاندوەتە سەركردەی وڵاتان.

لە پەراوێزی دووەم رۆژی 60ەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، سه‌رۆكی هه‌رێم زیاتر لە 10 دیدار و كۆبوونەوەی هەبووە.

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆككۆماری ئازەربایجان رێكارەكانی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئازەربایجانیان لە هەولێر باسكردووە. سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بە فەرمی بانگهێشتی كۆپ 29 كراوە كە بڕیارە تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو لە ئازەربایجان بەرێوەبچێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەشی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن و وەزیرانی دەرەوەی بەحرەین و كوەیت، باسیان لە گرنگی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و زیادكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئوردن، كوەیت و بەحرەین كردووە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا، باسیان لە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست، برەودان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان و سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان بۆ ئەرمینیا كردووە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راوێژكارێكی باڵای جۆ بایدن سەرۆكی ئەمه‌ریكا، باسیان لە گرنگی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد. راوێژكارەكەی سەرۆكی ئەمه‌ریكا، دووپاتیدەكاتەوە، بەبایەخەوە دەڕواننە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و دەیانەوێت لە كەرتەكانی ئابووری، وەبەرهێنان و وزەدا هاریكاری و هاوبەشییان هەبێت.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، نەمسا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، هەرێمی كوردستان بە هاوبەشێكی گرنگی وڵاتەكانیان و یەكێتی ئەوروپا پێناسە دەكەن هاوكاری و پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتدەكەنەوە.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و شاندێكی پەرڵەمانی ئەو وڵاتە لە پارتەكانی ئێس پی دی، سی دی ئۆ و سی ئێس ئۆ، شەڕی تیرۆریزم

دۆخی پێكهاتەكان و هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بو ئێزیدیەكان و فراونتركردنی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان كوردستان و ئەڵمانیا باسیان لێوەكراوە.

كۆبوونەوەیەكی دیكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان بوو و سوپاسی رۆڵی نەتەوەیەكگرتوەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

وەزیری دەرەوەی ڤاتیكانیش ڕوو لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ دۆخی پێكهاتەكان و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، قەداسەتی پاپا بەڕێز و خۆشەویستیەوە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا كۆبووه‌وه‌.