ترەمپ: ئەمەریکا بەرەو داڕمان دەڕوات

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتەکەمان خەریکە دەڕووخێت و  بەرەو داڕمان دەڕوات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە میشیگان بە لایەنگرانی راگەیاند، وڵاتەکەمان خەریکە دەڕووخێت، ئێمە وەک جیهانی سێیەم دەبێت گرنگی بە فڕۆکەخانەکانمان بدەین. مەبەستم ئەوەیە سەیری فڕۆکەخانەکان بکەن چەند خراپن.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سیاسەتەکانی ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، ئەمەریکا بەرەو دۆزەخ دەڕوات. گوتیشی: "لەلایەن جۆو بایدن و فاشیستەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، ئەمەش مەترسی لەسەر دیموکراسی دروست دەکات."

ترەمپ راشیگەیاند، "بایدن کەسێکی گەندەڵە، سەرۆکێکی ترسناکە، کەمترین ئاستی زیرەکی لە مێژووی وڵاتدا هەیە، جۆو بایدن ئەو سەرۆکەیە کە نزمترین ئاستی زیرەکی هەیە، ئەو بێتوانایە بۆ پۆستەکەی."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا بووەتە جێگای گاڵتەجاڕی و پێکەنین، چیتر لەسەر شانۆی جیهانی رێزی لێناگیرێت.

بایدن تەمەنی 81 ساڵە و زۆرجار لە وتارەکانیدا خۆی لە دۆخێکی شەرمەزارکەردا دەبینێتەوە، چونکە کۆمارییەکان ئەمە لە شەڕی حزبیدا بەکاردەهێنن بۆ پرسیارکردن لە توانا دەروونی و جەستەییەکانی سەرۆک بایدن و توانای بەردەوامبوونی لە سەرکردایەتیکردنی وڵات.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمەریکا لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. رۆژی 25ی نیسانی 2023، بایدن بە دیموکرات رایگەیاند، هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆک ئەمەریکا دەدات و ترەمپیش وەک کاندیدێک بۆ پارتی کۆماری، هاتنە ناو رکابەرییەکانی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی.

Fly Erbil Advertisment