گوتەبێژی بەرگری شارستانی: تیمەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر رووداوێکی سروشتی

K24 – هەولێر
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئێمە تیمەکانمان لە 14 مانگەوە خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
مقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئێمە تیمەکانمان لە 14 مانگەوە ئامادەکردووە، هەروەها بەرنامەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئەفسەرانمان دارشت بۆ هەر پێشهات و گرمانەیەک کە روو ئەدا.
گوتیشی: جوگرافیای بەرێوەبەرایەتی ئێمە زۆر گەورەیە، لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێر هەشت بنکەمان هەیە و لەدەورووبەریش هەشت بنکەمان هەیە، هەروەها کارمەندەکانمان گەڕاونەتەوە بنکەکان، دەشڵێت: ئێمە سەرجەم تیمەکانمان خستە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بۆئەوەی هەر رووداوێک کە دروست ئەبێت ئامادەبین مەرج نییە تەنها رووداوی لافاو بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژی یەکەمەوە زیاتر لە 520 پەیوەندیمان بۆ هاتووە بۆ ژووری کۆنترۆڵ، لەرۆژی دووەمیشدا 340 پەیوەندیمان بۆ هاتووە، هەروەها رووداوی جۆراوجۆرمان هەبووە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی باسی لەوەشکرد، بۆ پێشبینی کردنی هەر رووداوێکی وەکو لافاو ئێمە رێنوێنیمان دەبێت بۆ هاووڵاتیان، کە بەهەرسێ قۆناغی پێش دروستبوونی و کاتی دروستبوونی دوای درووستبوونی، گوتیشی: لە رۆژی یەکەمدا 64 خاڵمان بڵاوکردەوە، لەبەرئەوەی ئێمە فەرمانگەیەکی خزمەتگوزارین بەهیوای ئەوەی هاووڵاتیان ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی ژیانیان.