نامیق هەورامی: کاری راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان رێکدەخرێتەوە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، رایدەگەیەنێت؛ دەیانەوێت میدیایەکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان هەبێت، هەورەها دەیانەوێت رۆژنامەنووسان ئازادانە بە شێوەیەکی رێکخراو کاربکەن.
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە مەبەستی رێکخستنەوەی کاری میدیا لە هەرێمی کوردستان رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2014ـی وەزارەتی رۆشنبیری هەموارکرایەوە و رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023یش هەڵوەشێندرایەوە، چونکە بۆ کاتی ئێستا ئەو کارە زۆر گرنگ بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری، گوتی: ئامانجمان ئەوەیە میدیایەکی تەندروست هەبێت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها کاری راگەیاندن لەو هەرێمە رێکدەخرێتەوە. باسی لەوەشکرد، لە رابردوودا هەندێک کەناڵی راگەیاندن سزادراون، لەرێگەی راگرتنی بەرنامە و پەخشیان، بە تایبەتی ئەو شاتنەی کە شیرازەی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن.
ناوبراو گوتیشی: "تا رادەیەکی باش کەناڵەکانی راگەیاندن پابەندن بە رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری، بەڵام ئەو میدیایانەی کە خاوەنداریەتی سیاسییان هەیە کۆتوبەندکردنیان سەختە".
نامیق هەورامی، ئاماژەی بەوەدا، رێنمایی ژمارە 1ـی 2014ـی وەزارەتی رۆشنبیری هەموارکردنەوەکەی لە سێ بەشدابوو، یەکەم؛ فریکوێنسی، دووەم؛ میدیای ئەلیکترۆنی، سێیەم؛ رێکلامی بازرگانی. جەختی لەوەشکردەوە، دەیانەوێت رۆژنامەنووسان ئازادانە بە شێوەیەکی رێکخراو کاربکەن.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی دەرکرد و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (314) لە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) بڵاوکرایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، ژمارە (305) لە (22ـی ئایاری 2023) بڵاوکرابووەوە و تێبینی و سەرنجی لەلایەن میدیاکاران ویاساناسان لەسەر تۆمارکرا.
بەگوێرەی بەیانەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (5117) لە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) کراوە و بڕیاریداوە لە رۆژی (2ـی کانوونی دووەمی 2024)ـەوە کار بەو رێنماییە نەکرێت و هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بری ئەوەش کار بە رێنمایی پێشوویان ژمارە 1ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.