دوو ئافرەت لە ئەنجامی سووتانی خانەی بەساڵاچووان لە مەدرید گیانیان لەدەستدا

K24 – هەولێر:
تیمەکانی فریاگوزاری ئیسپانیا رایانگەیاند، لە ئەنجامی سووتانی خانەی بەساڵاچووان لە مەدرید دوو ئافرەت گیانیان لەدەستدا و 18ـی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) ئیزابێل کاسادۆ، ئەندامی تیمەکانی فریاگوزاری ئیسپانیا لە میانەی پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەدا، ئاگرەکە نزیکەی کاتژمێری 3ـی بەرەبەیان لە نهۆمی یەکەمی خانەی بەساڵاچووان لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کە 39 کەسی تێدابوو کەوتەوە.
بە گوتەی کاسادۆ، لەنێو بریندارەکان ژنێک هەیە کەبەهۆی سوتانی جەستەیەوە بارودۆخی ناجێگیرە، ئەوانی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە بارودۆخیان تا رادەیەك ناجێگیرە.
لای خۆیەوە رۆبێرتۆ مۆریرا، ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەو دوو ئافرەتەی گیانیان لەدەستدا بەهۆکاری هەڵمژینی دووکەڵەوە بووە.
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، ئەو دوو ئافرەتەی کە گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە نزیکی 80 ساڵیدابوو، هاوشێوەی ئەو ژنەی کە تا ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە. میدیاکان ئەوەشیان ئاشکراکرد، لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە ئیزابێل دیاز ئایۆسۆ، سەرۆکی کۆمەڵگەی مەدرید، لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس رایگەیاندووە، هاوخەمی قوڵی خۆی بە گیانلەدەستدانی دوو ئافرەتەکەی خانەی بەساڵاچووان دەربڕی.
سەرۆکی کۆمەڵگەی مەدرید، لە خودا داواکارە کە لە گوناهی مردووان خۆشبێت و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست، هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک بۆ زیانلێکەوتوان نیشاندا.