مونا قههوهچی: پێویسته سیستەمی هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت

K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان رایدهگهیهنێت، داواکارین سیستەمی هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت و بەهیچ شێوەیەک دەستکاری کورسی کۆتا نەکرێت.
له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبووك، مونا قههوهچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان نووسیوویهتی: "بە بیر هەموو لایەکی دههێنینهوه، پێکهاتەی تورکمان جەخت لە راو و بۆچوونی پێشتری پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکاتەوە، کە سیستەمی هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت و بەهیچ شێوەیەک دەستکاری کورسی کۆتا نەکرێت".
قههوهچی ههروهها دهڵێت، بەرژەوەندی و بەرنامەی سیاسی و چۆنیەتی دابەشبوونی هاووڵاتییانی نەتەوەی تورکمان وا دەخوازێت کە دادگای فیدراڵی داواکاریەکانمان لەبەرچاو بگرێت و ئەو سکاڵایانەی پەیوەستن بە کورسی کۆتاکان، رەتبکاتەوە.
ئهوهشی نووسیووه، ئەگەر دادگای فیدراڵی کورسیەکانیشمان دابەش بکات، دەبێت رەچاوی رێژەی دابەشبوونی دانیشتوانی نەتەوەی تورکمان لە هەر چوار پارێزگاكهی هەرێمی کوردستان بکات و بزانێت کە زۆرترین رێژەی هاووڵاتیانی تورکمان لە پارێزگای هەولێرن.
دواجار دهڵێت، پێمان خۆشە بۆ هەموو لایەک روون بێتەوە، پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک نۆینەرایەتیەکی راستەقینەی لە پەرلەمانی کوردستان دەبێت، هیچ کاتێک ئەو هەوڵانە نابنە لەمپەر لەبەردەم کاری سیاسی و بەشداریمان لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی هەرێمی کوردستان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024 دواخست.
ماددەکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
لهلایهن خۆشییهوه گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئهمڕۆ رایگەیاند، تا ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رووی کاتەوە لە مەترسیدا نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ناكرێت چیتر بڕیاری دادگا سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکە دوابخرێت.