عێراق.. زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ کە لە تەمەنی خوێندندان کار دەکەن

K24 – هەولێر:
بەهۆی گەندەڵی و بێکاری و زۆری ژمارەی کۆچبەر و ئاوارەکان لە عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لەو وڵاتە لە چەندین بواردا کار دەکەن، ئەندامێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرای دەکات، زۆرینەی ئەو منداڵانەی کار دەکەن لە تەمەنی خوێندندان و لەلایەن باندەکان کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشییان پێدەکرێت.
لەگەڵ زیادبوونی رێژەی هەژاری لە عێراق، ژمارەی ئەو منداڵانەی لەو وڵاتەدا کار دەکەن گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ کە لە تەمەنی خوێندندان کار دەکەن، هەروەها منداڵەکانی لە ٪30 خانەوادە عێراقییەکان لە چەندین بواری جیاوازدا وەک کاری ناو ماڵ و بواری بیناسازی کار دەکەن کە زۆرینەیان بەشێوەی کرێی رۆژانە پارە وەردەگرن.
هەروەها بەشێک لە منداڵان لە چالاکی نایاسایی وەک دزی و سواڵکردن و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشک و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان تێوەگلاون، هەروەها کچەکانیش لەلایەن باندەکان لە یانە شەوانەکان کاری لەشفرۆشییان پێدەکرێت و بازرگانییان پێودەکرێت.
عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووه، ئەو منداڵانەی کاریان پێدەکرێت تەمەنیان لەژێر 15 ساڵە و لە مافەکانی خوێندن و تەندروستی بێبەش دەکرێن، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیەشی بۆ ململانێکان لە عێراق و زۆربوونی ژمارەی ئاوارە و کۆچبەران و بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و بێکاری و هەڵئاوسان و گەندەڵی گەڕاندەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، باندەکان سوودیان لە لاوازی جێبەجێکردنی یاسا لە عێراق و لاوازی هۆشیاری کۆمەڵگە وەرگرتووە.
راپۆرتێکی یونیسێف ئاشکرای دەکات، زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس واتا لە ٪11.7 دانیشتووانی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان، کە زۆرینەیان منداڵن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، منداڵانی ئەو وڵاتە لە ٪1 بۆ ٪2 دەستی کار لە بازاڕەکانی عێراق پێکدەهێنن.
لە کاتێکدا بەگوێرەی یاساکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، هەر کەسێک کار بە منداڵ بکات بە پێبژاردن یان لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن سزا دەدرێت.