ساڵی رابردوو لە گەرمیان 770 مین و تەقەمەنی نەتەقاو پوچەڵکراونەتەوە

مین و تەقەمەنی نەتەقاو - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
مین و تەقەمەنی نەتەقاو - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی گەرمیان رایگەیاند، لە ساڵی 2023، زیاتر لە 770 مین و تەقەمەنیی نەتەقاو و ژمارەیەکی زۆری بۆمبی چێندراو پووچەڵکراونەتەوە.

جەلال جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی گەرمیان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: "لە ساڵی 2023، لە کۆی ئەو 770 تەقەمەنییەی پوچەڵکراونەتەوە، پێنج کێڵگەی پاککراوە رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و  10 هەزار و 841 کەسیش لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە سوودمەندبوون".

بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکردووە، رێنماییمان بۆ خەڵک ئەوەیە، بە هیچ شێوەیەک نەچنە ناوچە مینڕێژکراو و مەترسیدارەکان، هەرکاتێکیش تەنێکی نامۆیان بینییەوە، پەیوەندی بە گەرمەهێڵی 182 بکەن تاوەکو ئێمە خێرا مەترسیییەکان دوور بخەینەوە.

رۆژی سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) نیازی خالید، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی مین لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکری 750 ملیۆن دیناری ساڵانە بۆ بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆی تیمەکان بۆ کێڵگەکانی مین و 761 گرێبەستی کارمەندانی کێڵگەیی و مین هەڵگرەوەی نوێ کردووەتەوە، بۆیە ساڵی 2024 هەڵمەتێکی گەورە لەو بوارە بەڕێوەدەبەن.

هەروەها روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023، سێ ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژە بەردەوامەکانی سلێمانی تەرخانکردووە کە ئەمساڵ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاشکراشیکرد، 35 تیم کاردەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیش لە پرۆسەی راهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی تیمەکاندان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.

ده‌سته‌ی گشتی كاروباری مین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوو (2022 و 2023)، کۆی گشتی رووبەری زه‌وی پاككراوە له‌ مین گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 41 هەزار و 854 مەتر دووجا کە کە 49 کێڵگە و پێنج شەڕگە پێکهاتووە.

Fly Erbil Advertisment