ئایدن مەعروف: دادگای فیدڕاڵی دەیەوێت کورسی پێکهاتەی تورکمان نەهێڵێت

K24 - هەولێر
ئایدن مەعروف دەڵێت، زانیارییان هەیە دادگای فیدڕاڵی دەیەوێت کورسی پێکهاتەی تورکمان نەهێڵێت. داواش دەکات دادگاکە دوور بكهوێتهوه لە دەستێوەردانی سیاسی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20-02-2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بە گوێرەی زانیارییەکانمان، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردووە. لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، هەر پێنج کورسییەکەی پێکهاتەی تورکمان هەڵدەوەشێنێتەوە".
ئایدن مەعروف بڕیارەکە بە "هەڵە" ناودەبات و دەڵێت، "ئەمە ستەمە لە نەتەوەیەکی گرنگی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت کە نەتەوەی تورکمانە. ئەم بڕیارە دەستێوەردانە لە کاروباری سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئامانج لێی فشارکردنە لە لایەنە سیاسییەکان".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 18-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024 دواخست.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەش، 20-02-2024، شاندێکی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەمەبەستی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ گەیشتە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لە 25ـی شووبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، لەهەمان کات داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکەن.
ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.