پوتن ئۆتۆمبێلێکی رووسی بە دیاری پێشکەشی سەرۆکی کۆریای باکوور دەکات
دیارییەکەی پوتن پێشێلکردنی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە

K24 - هەولێر
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ، ئۆتۆمبێلێکی دروستکراوی رووسی بە دیاری پێشکەشی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆیای باکوور کرد، بەڵام دیارییەکە بە پێشێلکردنی بڕیارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەژمار دەکرێت، کە تایبەتە بە هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ کۆریای باکوور و رووسیاش لە ساڵی 2017 واژۆی لەسەر کردووە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، کیم جۆنگ ئون لەلایەن سەرۆکی رووسیاوە دیارییەکی تایبەت و کەسی پێگەیشتووە، کە ئۆتۆمبێلێکی دروستکراوی رووسییە.
دەربارەی دیارییەکە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرملن) لە کۆنۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، دیارییەکە ئۆتۆمبێلی جۆری "ئاوڕووس"ـە و تایبەتە بە سەرۆکەکان و دروستکراوی رووسیایە.
کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور، ئەیلوولی ساڵی رابردوو سەردانێکی مێژوویی بۆ مۆسکۆ کرد، جیا لە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەردانی دامەزراوەی دروستکردنی فڕۆکە جەنگییەکان و ناوەندی ڤۆستۆشنی بۆشاییگەری رووسیاشی کرد.
لە دوای ئەو سەردانەوە پەیوەندییەکانی مۆسکۆو پیۆنگ یانگ نزیکبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینیوەو لەم مانگەدا ژمارەیەک رووسی بە گەشتێکی چوار رۆژە چوونە کۆریای باکوور، ئەمەش یەکەم سەردانی خەڵکی بیانییە بۆ ئەو وڵاتە لە دوای داخستنی سنوورەکانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020ـەوە.
ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023، دەنیز مانیۆرۆڤ، وەزیری پیشەسازی رووسیا لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و نایابی بە ناوی " ئاوڕووس سێنات" بەرهەمهێناوەو بە نیازن لە ئیمارات ناوەندێکی بەبازاڕکردنی ئۆتۆمبێلە رووسییەکە دابمەزرێنن.
