سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جدی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەنێن

K24 – هەولێر

کۆبوونەوەی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهات و سەرۆکایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ‏‎لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ نوێنەری یۆنامیی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لە بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی پاک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.

لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ بوونەوە.

‏‎لەلایەن خۆیانەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییيانە دەربڕی.

‏‎لە کۆبوونەوەکەدا، کۆمسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایيی تەمەنی کۆمسیۆندا خستەڕوو، لە هەمانکاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشاندا، کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

‏‎سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەیداوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرايه‌وه‌، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە رابردوودا هەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هه‌ڵناوه‌ و ئەرکی ياساييى خۆیان بەجێگەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و رژدييه‌وه‌ هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

رۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە بۆ جاری 11ـەیەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان داخراو بڕیارە سبەی چوارشەممە 21-02-2024 دادگاکە کۆببێتەوە.

زیاد جەبار پەرلەمانتاری پێشوو و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، لە دادگای فیدراڵی عێراق لە سەر کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان سکاڵایان تۆمارکردووە.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵاکەی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان راگرت و کۆمیسیۆن رایگەیاند، ناتوانن لە وادەی خۆیدا ئامادەکارییەکان تەواو بکەن.

Fly Erbil Advertisment