ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی دژی لێدوانەکانی فایەق زێدان داوایەک لە فراکسیۆنی حزبەکەیان لە پەرلەمانی عێراق دەکات

K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە فراکسیۆنی حزبەکەیان لە پەرلەمانی عێراق دەکات هەڵوێستە لەسەر لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بکەن لە بارەی پێكهاتنی هەرێمی كوردستان و پێكهێنان و دروستبوونی هەرێمی نوێی فیدراڵی لە عیراقدا.
رۆژی سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دژی لێدوانەکانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، داوا لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەکات لەسەر چوار خاڵ هەڵوێستە بکەن.
رۆژی (18ـی شوباتی 2024) فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراق قبوڵناکەن، چونکە یەکپارچەیی خاکی وڵات دەخاتە مەترسییەوە و لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد: " هەرێمی کوردستان لەپێش دەستوورەوە هەبووە، ئەوەش بەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی رژێمی پێشوو بووە".
ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە: "ناوی هەرێمی كوردستان وەك (واقیعێكی جوگرافی و نەتەوەیی) بردووە (هەلومەرجی دوای داگیركردنی كوێت هێناویەتە ئاراوە)، كە دەبوو وەك هەرێمێكی دەستووریی فیدراڵی ناوی بهێنایە، ئاماژە بە ماددەی 117/ یەكەم لە دەستووری هەمیشەیی عێراق".
لەبارەی بەشێکی دیکەی قسەکانی فایەق زێدان، ئەو عێرائەنجوومەنە باڵایەی یەکێتی باسی لەوەکردووە: "هەرێمی كوردستان بە (بارێكی تایبەت – وضع خاص) ناودەهێنێت و دەیبەستێتەوە بە (دانپێدانانی سەرجەم رۆڵەكانی گەلی عێراق) نەك بە قەوارەیەكی یاسایی چەسپیو لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا".
خاڵێکی دیکەی قسەکانی فایەق زێدان کە ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتی داوای هەڵوێستە لەسەرکردنی کردووە وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " گومان دەخاتە سەر هەلومەرجەكانی سەردەمی داڕشتنی بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق، و بەڕەهایی دەڵێت: (ئێستا ئەو هەلومەرجە گۆڕدراوە لە لای ئەوانەی باوەڕیان بەو بنەمایانە هەبووە، و لە ئێستادا باوەڕیان بە گۆڕینیەتی ..)، بێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بكات كورد بەشدار بووە لە داڕشتنی ئەو بنەما دەستوورییانە و هیچ كات پەشیمانبوونمان لە داڕشتنی ئەو بنەمایانە رانەگەیاندووە".
لە کۆتا خاڵی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتی لەبارەی لێدوانەکەی فایەق زێدان کە "بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێمی نوێ لە هەر ناوچەیەكی عێراق رەتدەكاتەوە، بە هەڕەشەی دادەنێت لەسەر یەكگرتوویی و ئاسایشی عیراق"، ئاماژە بەوەکراوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، رەچاوی پێكهێنانی هەرێمی نوێی لە عێراقدا نەکردووە کە "مافێكی دەستوورییە نەك بیرۆكە"، هەروەها ئەو مافە بە ماددەکانی (117/ دووەم، 118 و 119) چەسپێندراوە و بە یاسای ژمارە (13) ی ساڵی (2008) رێكارەكانی دانراوە.