بایدن بە وشەی "قێزەون" وەسفی پوتن دەکات

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، ئاژانسی "سی ئێن ئێن" رایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی بەشداریکردنی لە هەڵمەتێکدا بۆ کۆکردنەوەی پارە لە شاری سانفرانسیسکۆی پایتەختی ویلایەتی کالیفۆرنیا، ڤلادیمێر پوتن، هاوتا رووسییەکەی بە وشەی "قێزەون" وەسف کردووە.
بایدن لەبارەی پوتن دەڵێت: "ئێمە کوڕێکی شێتمان هەیە، هەمیشە دەبێت نیگەران بین لە ململانێیەکی ئەتۆمی، بەڵام مەترسییە لەسەر بوونی مرۆڤایەتی کەشوهەوایە".
هەروەها جۆو بایدن رەخنەی لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گرت، کە ئەو کێشە یاساییانەی هەیەتی بە ئەلێکسی ناڤالنی کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا چواندووە کە تووشی بوو،و دەسەڵاتدارانی رووسیا کوشتویان.
بایدن لەبارەی ترەمپ گوتی، "خۆی بەراورد دەکات بە ناڤالنی و دەڵێت گۆشەگیر کراوە، چونکە وڵاتەکەمان بووە بە وڵاتێکی کۆمۆنیستی، هەروەک چۆن ناڤالنی گۆشەگیرکرا، ئەمە لە کوێی جەهەنەمەوە دێت؟"
ئەو ئاژانسە راشیگەیاند، لە میانی مەراسیمی کۆکردنەوەی پارەدا، بایدن بۆ ماوەی 16 خولەک قسەی کرد و سوپاسی نانسی پیلۆسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها 20 کەسی دیکەش کە بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە پێلۆسی گوتی کە ئەو "باشترین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە، پێموایە دەبێت سوپاسی خودا بکەم کە زۆربەی کات لای ئێمە بووە".ئاماژەی بەوەشدا کە بڕیارە دووبارە بەشداری دووەمین هەڵمەتی چالاکیی کۆکردنەوەی پارە لە سانفرانسیسکۆ بکات.