مەسرور بارزانی یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەک بەخشی

K24 - هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجەی چاپکرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە (23A10000)ـی هەڵەبجەی چاپکرد و پێشکەشی هاووڵاتییەکی کرد.
هەر بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد؛ بەشەکانی مۆنیۆمێنتەکەی بەسەرکردەوە و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە یاداشتی مۆنیۆمێنتەکە گوتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوە دا: "شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم . داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە. خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە".
وابڕیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دابنێت.
پردی تووەقوت، کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناخەی بۆ دادەنێت؛ پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە؛ لە ساڵی 2008ـەوە نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.
درێژایی پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ نزیکەی 350 مەتر دەبێت و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.