سوودانی: کەرەستەکانی پاڵاوگەی بێجی بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە

K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: نزیکن لەوەی تەواوی پێداویستی ناوخۆی لەبواری سووتەمەنی لەناوخۆی عێراق دابینبکەین، بەمەش ملیاران دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی (23ـی شوباتی 2024) نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق رایگەیاند، عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت بەڵام بەرهەمی سووتەمەنی لەدەرەوەی هاوردەدەکات، ئەمەش بەرهەمی سیاسەتە هەڵەکانی پێشووە.
هاوکات راشیگەیاند، هەربۆیە راگرتنی هاوردەی بەرهەمە سووتەمەنییەکان لەدەرەوە ملیاران دینار بۆ خەزێنەی عێراق دەگێڕێتەوە کە ئەمە خۆی لەخۆیدا چاکسازی راستەقینەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "بەپێی ئەو بەرنامەی لەحکومەت دامانڕشتووە و بەهاوکاری وەزیرەکان و پەرلەمان نزیکبووینەتەوە لەوەی سەرجەم بەرهەمەکانی سووتەمەنی لەناوخۆ دابینبکەین".
سوودانی، سەبارەت بە بەگەڕخستنی پاڵاوگەی بێجی گوتی: لەئایاری ساڵی 2023 کەرەستە گەڕێندراوەکانی پاڵاوگەی بێجیمان بەسەرکردەوە کە بەهاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرابوونەوە.