لوقمان عەبدولقادر: قوربانییانی هەڵەبجە لە دۆخێکی خراپدان

K24 – هەولێر:
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە، رایدەگەیەنێت؛ هاتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجە خۆشحاڵی کردووین. ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خەمڵاندنێکی ورد بۆ زیانەکانی قوربانییانی هەڵەبجە و ئەنفال بکات.
ئەمڕۆ هەینی (23ـی شوباتی 2024) لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا قەرەبووی قوربانییانی هەڵەبجەی نەکردووەتەوە، لە کاتێکدا قەرەبووی قوربانییانی پارێزگاکانی خۆی کردووەتەوە.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە راشیگەیاند، "رووی رەخنەشمان لە بەرپرسانی خۆمانە کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لە دانووستانەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقی پرسی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان بکرێت بە مەرج، بۆ بەشداریکردنی گەلی کورد لە حکومەتەکانی عێراق".
لوقمان عەبدولقادر، دەڵێت: تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خەمڵاندنێکی ورد بکات بۆ زیانەکانی قوربانییانی هەڵەبجە و ئەنفال.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا، "قوربانییانی هەڵەبجە لە دۆخێکی خراپدان، لەم دواییەش تیمێک لە حکومەتی عێراق سەردانی هەڵەبجەیان کرد بۆ بینینی بەرکەوتوانی چەکی کیمیای و ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی چارەسەرکردنیان، بەڵام ئەوەی جێگەی داخ بوو لە بری ئەوەی بڕیاربدەن کە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن، بڕیاریاندا رەوانەی کەربەلاین بکەن بۆ چارەسەری، بۆیە ئەوانیش رازی نەبوون سەردانی کەربەلا بکەن".
لوقمان عەبدولقادر، باسی لەوەشکرد، لەکاتی هاتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبجە ئێمەی خۆشحاڵ کرد و بڕیاریدا کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکات.
گوتیشی: نەخۆشخانەیەک هەیە لە هەڵەبجە بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە چارەسەرییەکان لەو نەخۆشخانەیە بەردەست نین.
رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، لە باڵاخانەی پارێزگە سەرپەشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا کە پارێزگاری هەڵەبجە، جێگرەکانی، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگاکە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەباری دۆخی خزمەتگوزاری پارێزگاکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کرا چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد.