لە سووریا ژمارەیەک هاووڵاتی لە کاتی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان دا کوژران

K24 - هەولێر
ئاژانسی هەواڵی 'سانا'ـی سووری بڵاویکردەوە، پێنج هاووڵاتی سووریا لە کاتی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان لە ناوچەی جوب ئەلجەراح لە لادێکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای حومس، لەسەر دەستی چەکدارانی نەناسراو کوژران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای حومس ئاشکرای کرد، "ژمارەیەک تیرۆریست کە لەسەر ماتۆڕسکیل بوون، تەقەیان لە پێنج هاووڵاتی کردووە هەر هەموویان کوشتوون، ئەمەش لە کاتێکدا بووە ئەو هاووڵاتیانە خەریکی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان بوونە لە ناوچەی جوب ئەلجەرا لە رۆژهەڵاتی لادێکانی حومس".
بەگوێرەی ئاژانسی سانا، "چەکدارە تیرۆریستەکان کە بەشێکیان سەر بە داعشن، لە ناوچە بیابانەکانی سووریا بڵاوبوونەتەوە و چەندین جارە هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتیان و کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی بیابانەکە، بەتایبەتی لە وەرزی کۆکردنەوەی دۆمبەڵاندا".