میسر... بەلەمێکی کرێکاران نقومبوو تەنیا چوار کەسیان رزگارکران
K24 - هەولێر
تیمی فریاگوزاری رووبارەکان لە پارێزگای جیزە لە میسر، توانیان چوار کرێکار کە لەناو بەلەمێکدا بوون لە رووباری نیل رزگار بکەن.
ژووری ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری لەلایەن خەڵکی گوندی نەکلا پێگەیشت، کە بەلەمێک لە رووباری نیلدا نوقم بووە، دەستبەجێ تیمی فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی مەبەست، دواتر بۆیان دەرکەوت رووداوەکە لەکاتێکدابووە کە ژمارەیەک کرێکار سواری بەلەمێکی بچووک بوون بۆ ئەوەی لە رووباری نیل بپەڕنەوە، بەڵام بەلەمەکە نوقم بووە.
کاتێک تیمی فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی رووداوەکە توانیان چوار کەس رزگار بکەن، هەروەها گەڕانیش بەدوای ئەوانەی بێسەروشوێن بوونە بەردەوامە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاماژەی بەوەکرد، "تا ئێستا دوو تەرم لەو کەسانەی ژێر ئاوکەوتوون دەرهێنراون.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بەرپرسیار وردەکاری نوێی لەبارەی رووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "بەلەمێکی بچووکی ماسیگرتن کە وەک بەلەمێکی کەشتیوانی بەکارهاتووە و 13 کرێکاری هەڵگرتبوو، لەناکاو لە رووباری نیل لە ناوچەی عەزبەی رەبیع لە گوندی نەکلا لەکارکەوت و نوقم بوو".