هەزار شەتڵی دار بەڕوو لە چیایی بێخێر دەچێنرێت

K24 - هەولێر
قایمقامى قهزاى سێمێل رایگەیاند، بە هاندانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەوزایی کردنی هەرێمی کوردستان، هەستاین بە هەڵمەتی چاندنی هەزار شەتڵی دار بەڕوو لە سنوورەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، خهلیل مهحموود، قایمقامى قهزاى سێمێل بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە هاندانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین رێژەی سەوزایی لە هەموو کوردستان زیاد بکەین، لەگەڵ پارێزگای دهۆک بەرنامەیەکی باشمان داڕشت، دەستپێکی دارچاندنمان لە کواشێ دەستێکرد زیاتر لە حەوت هەزار داری جۆراوجۆرمان چاند، بە ئامادە بوونی پارێزگاری دهۆک و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بەگوتەی قایمقامی سێمێل: "لە سنووری هەموو شارەوانییەکان دووبارە هەڵمەتی دارچاندن رۆژانە بەردەوامیان هەیە و دەستی پێکردووە. لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان جا سەوزایی پارک و باخچەکان بێت یاخود چاندنی دار لە شارو شارۆچکەکان بێت".
خەلیل مەحموود دەشڵێت: "بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیرییش هەوڵدەدان بەشداری بکەن لەو هەڵمەتانە، هەر بۆیە نزیکەی هەزار شەتڵە داری جۆراوجۆریان ئامادەکردووە بۆ چاندن کە زیاترییان دار بەڕوون، ئەوەش لەبەر ئەوەی داربەڕوو دارێکی بەهێزە ئەگەر بێت و سەوز بێت و بەرگەی ژینگەی کوردستان دەگرێت و ژینگەی کوردستانیش بۆ دار بەڕوو لەبار و گونجاوە".
قایمقامى قهزاى سێمێل راشیگەیاند، هەڵمەتی شەتڵی بەڕوو لە ژێر ناوی "با پێکەوە سروشتی شارەکە جواتر بکەین" لەلایەن ئێمە وەک قایمقامیەت و شارهوانى و بهڕێوهبهرایهتییهكانى رۆشنبیری و هونهرى دهۆك و سێمێل، دوێنێ دەستمان پێکرد و بەدەوامی هەیە تاوەکو تەواوی شەتڵە دارەکان دەچێنین. گوتیشی: "ههڵمهتی چاندنی بەڕوو له چیاى بێخێر نزیکەی ههزار شهتڵى جیاواز لەخۆ دەگرێت. بەڵام له قۆناغى یهكهمى ئهم ههڵمهته 280 شهتڵى بهڕوو له چیاى بێخێرمان چاندووە و هێشتا رێژهى سهوزایی له سنوورى شارۆچکەکە نهگهیشتووهته ستانداردی جیهانى و نزیكهى 12% یه".