ماتیۆ میلەر: ئەمەریکا دەیەوێت گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو لا کردووەتەوە.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لە گرنگی هاوبەشییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: "سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران باسیان لە گرنگی هاوبەشییەکانی ئەمەریکایان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، لە بوارەکانی، پابەندی دووقۆڵییان بۆ ئاسایشی ناوچەکە و بەها هاوبەشەکانیان، لە نێویشیاندا حوکمڕانییەکی باش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ".

ماتیۆ میلەر باسی لەوەشکرد: "وەزیری دەرەوە، بلینکن پشتیوانی خۆی بۆ هەماهەنگی بونیادنەرانە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتووییەکی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ بەهێزترکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ماتیۆ میلەر روونیکردەوە: "ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە، چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیانەی هەمانبووە بەردەوامی پێبدەین".

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) لە واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بیلنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نووسیویەتی: سوپاس ئەنتۆنی بلینکن بۆ پشتیوانیی بەردەوامتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هاوبەشییەکەمان کۆڵەکەی پێشکەوتنمانە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێمە هاوپەیمان بووین لە ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆریەت و تێکشکاندنی داعش، ئێستاش بەرەو ئاسۆیەکی نوێ و بەهێزی ئابووری و سەقامگیری لە پەیوەندییەکانمان دەڕوانین.

هەروەها لە دیدارەکەدا، ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا هاوبه‌شییه‌كی دوورودرێژی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌و هاوبه‌شییه‌ له‌سه‌ر به‌های هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و قوربانیدانی هاوبه‌ش و مێژووی هاوبه‌ش بونیاتنراوه‌.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.