سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بریکار و یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتن، لەگەڵ بریکار و یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و دۆخی شنگال، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لە سێ کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ هەر یەک لە باربارا ليف، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى نزيك، عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و جیۆفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، هەروەها دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی کەرتی وزە لە هەرێم تاوتوێ کرا.

0
0
0
0
0