سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سێناتۆر تامی دەکوۆرت کۆبووەوە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و ئەو سێناتۆرە ئەمەریکییە پشتیوانی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دووپاتکردەوە.
رۆژی چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر تامی دەکوۆرت، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کورتەیەکی دەربارەی دۆخی گشتی عێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێم و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکان خستەڕوو.
لەلایەن خۆیەوە، سێناتۆر تامی دەکوۆرت، پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و جەختیکردەوە کە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.



