ریفۆرمخوازەکانی ئێران بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی سبەی ناکەن

سبەی هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوەدەچێت
سبەی هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییە ریفۆرمخوازەکانی ئێران رایانگەیاندووە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی وڵاتەکەیان ناکەن. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە وەڵامیاندا دەڵێت، "بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، هیچ دەستکەوتێکی بۆ کەسانی ناڕازی نابێت".

ساردترین هەڵبژاردنی هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران سبەی هەیینی، 01-03-2024 بەڕێوەدەچێت. چاوەڕێ دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا کەمترین ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییان تۆمار بکرێت. بۆ یەکەمجار سەدان کەسایەتیی سیاسیی ریفۆرمخواز لە ناو ئێرانەوە رایانگەیاندووە لە هەڵبژاردندا بەشدار نابن لەبەر ئەوەی هیچ هیوایەکیان بۆ گۆڕان نەماوە. ئەم نیگەرانییانە تەنانەت لە لێدوانەکانی بەربژێرە بناژۆخوازە توندڕەوەکانیشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە.

تەهوورا نەورۆزی، بەربژێری بناژۆخواز و سەرۆکی خانەی عیفاف و حیجاب باس لەوە دەکات، "خەڵک نەک بێ هیوان، پێشیانوایە بارودۆخەکە بە هیچ شێوەیەک گۆڕانی بەسەر نایە. بێهیوایی لە گۆڕان زۆر مایەی ناڕەحەتییە".

سەرکوتی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتییان و بە تایبەت ژنان لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەک و ئەو گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییانەی لە ئەنجامی سیاسەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێرانەوە خراونەتە سەر ئەم وڵاتە لە لایەکی دیکەوە، زۆرینەی هاووڵاتییانی بێهیوا کردووە. شرۆڤەکارێکی سیاسی پێیوایە تا لە سەرەوە ئیرادەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشان نەدرێت خەڵک لە هەڵبژاردندا بەشدار نابن.

ئەحمەد زەیدئابادی، ڕۆژنامەنووس و شڕۆڤەکاری سیاسی ئاماژە بەوە دەدات، "ساردبوونی خەڵک بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکان دەرئەنجامی نەبوونی متمانە بە کۆی سیستەمی دەسەڵاتداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە. هەر بۆیەش تا لە سەرێوە بڕیارێک نەدرێت یاخود ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکان پێشان نەدرێت، بە ڕای من چیدیکە زۆربەی خەڵک لە دەنگداندا بەشدار نابن".

بەڵام ئایەتوڵلا خامەنەیی وەک باڵاترین دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام خەڵکی بۆ دەنگدان هان داوە، لە وڵامی نیگەرانییەکانی ئەو کەسانەدا کە باس لە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن ڕایگەیاند، "دەنگنەدان هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەو کەسانە نابێت".

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لەوەش دەکات، "ئەوانەی دەڵێن دەنگ نادەین بە ڕایمن دەبی تۆزێک زیاتر بیر بکەنەوە. دەنگ نەدان هیچ قازانجێکی نییە. ئێوە دەڵێن دەنگدان قازانجی نییە؛ بەڵام ڕەنگە دەنگدان هێندێک قازانجی هەبێ، بەڵام لە دەنگ نەداندا ئەگەری هیچ قازانجێک لە ئارادا نییە".

زۆربەی بەربژێرە سەربەخۆ و ریفۆرمخوازەکان بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری، لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە ڕێگای خۆپاڵاوتنیان پێ نەدراوە. تەنانەت حەسەن رۆحانی کە هەشت ساڵ سەرۆککۆمار و 24 ساڵی ڕابردووش ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بووە، شیاوبوونی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ئەنجوومەنە ڕەتکراوەتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە باڵی بناژۆخواز بە یەکدەستکردنی زیاتری دەسەڵات خەریکە خۆی بۆ قۆناغی پاش عەلی خامەنەیی ئامادە دەکات.