سامان به‌رزنجی: بواری ناوبینی نه‌شته‌رگه‌ری منداڵان و جومگه‌كان له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنیان به‌خۆوه بینیوه

K24 - هەولێر:
له شاری دهۆك كۆنفرانس و كۆڕسێكی تایبه‌ت به بواری ناوبینی (ناظور)ـی نه‌شته‌رگه‌ری منداڵان و ناوبینی نه‌شته‌رگه‌ری ئێسك و شكان به‌تایبه‌تی له بابه‌تی جومگه‌ی چۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هاوكات وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌ردوو بواره‌كه به دوو بواری پاراستنی تایبه‌ت داده‌نرێت.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 29ـی شوباتی 2024) سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له پاریزگای دهۆك رایگه‌یاند، ناوبینی (ناظور)ـی نه‌شته‌رگه‌ری منداڵان و ناوبینی نه‌شته‌رگه‌ری ئێسك و شكان به‌تایبه‌تی له بابه‌تی جومگه‌ی چۆك به دوو بواری پاراستنی تایبه‌ت داده‌نرێت بۆیه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كۆنفرانس و كۆڕسێكی تایبه‌تیان بۆ كردووه‌ته‌وه.
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه بۆ منداڵان و ئه‌وانه به‌رده‌ست ده‌بێت كه تووشی شكان به‌تایبه‌تی شكانی چۆك ده‌بن.
سامان به‌رزنجی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا هه‌رێمی كوردستان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له بواری پزیشكیدا پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه، به‌تایبه‌ت ئه‌نجامدانی هه‌ندێك نه‌شته‌رگه‌ری كه پێشتر له كوردستان ئه‌نجام نه‌ده‌درا.
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیشیكرده‌وه، هه‌ردوو بواری ناوبینی منداڵان و جومگه‌كان، له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنیان به‌خۆوه بینیوه و توانراوه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پزیشكی ئاستبه‌رز پێ بگه‌یه‌نن و رۆڵیان له پێشكه‌وتنی هه‌ردوو بواره و بواری ته‌ندروستی و پزیشكی به‌گشتی بینیوه.