مەلا مستەفا بارزانی بووەتە سەر مەشق و هەوێنی كوردایەتی و ئازادیخوازی

ژنه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی
ژنه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی

K24 – هەولێر:

مەلا مستەفا بارزانی، رابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دوای 45 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی، به‌ڵام وه‌ك سیمبۆڵێك بووەتە سەر مەشق و هەوێنی كوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاكی كوردستان و ئه‌و ئامانجه‌ی ئه‌و له‌پێناویدا خه‌باتی بۆ كرد و ته‌مه‌نی خۆی بۆ كرده‌ قوربانی، ئێستا هه‌مووان به‌بێ جیاوازی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر سێبه‌ریدا له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی سوود ده‌بینن و چێژ له‌ ئاسووده‌یی و ئارامی و ئاسایش وه‌رده‌گرن.

مەلا مستەفا بارزانی، لە قۆناغێكی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، كە جگە لە خوا و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام به‌هۆی ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كورد لەق نه‌بوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد ‌و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.

مەلا مستەفا بارزانی، ھەموو ژیانی خۆی بۆ وەدیھێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد تەرخانكرد. ئەو خودانی دید و رێبازێكی شۆڕشگێڕانە بووە. ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە حەق و عەدالەتخوازی و خەباتكردن لە دژی زۆرداریی و رەتكردنەوەی ژیانی بندەستی، لە خەسڵەتە دیارەكانی كەسایەتی ئەو بووە.

ئێستا کە 45 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی رێباز و بنەما راست و دروستەكانی خەبات و تێكۆشانی درێژخایەنی، بووەتە سەر مەشق و هەوێنی كوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاكی كوردستان.

ژیان و وێستگەكانی خەبات و تێكۆشانی مەلا مستەفا بارزانی:

- مەلا مستەفا بارزانی پێنجەمین و دوایین كوڕی شێخ محەممەدی بارزان، لە 14/3/1903 لە گوندی بارزان لە دایكبووە.

- ساڵی 1904 شێخ محەممەدی باوكی، كۆچی دوایی دەكا و برا گەورەكەی، شێخ عەبدولسەلام ئەركی رێبەرایەتیكردنی بارزانییەكان لە ئەستۆ دەگرێت.

- تەمەنی مەلا مستەفا سێ ساڵ دەبێت كاتێك هێزەكانی سوپای عوسمانی پەلاماری ناوچەكەیان دەدەن و شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەی، بەدیل دەگرن و مەلا مستەفا و دایكیشی، رەوانەی بەندیخانە دەكەن و ماوەی نۆ مانگ لە بەندیخانە دەمێننەوە.

-بەهۆی شێلگیری لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان و خەبات لە رێگەی سەربەخۆیی كوردستان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە ساڵی 1914 لە مووسڵ لە سێدارە دەدرێت.

ژنه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی سه‌ركرده‌ و رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد
ژنه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی سه‌ركرده‌ و رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد

مەلا مستەفا بارزانی، رابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

ساڵی 1919 مەلا مستەفا، بە هانای جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانیەوە دەچێ‌ و سەرپەرشتی هێزێكی چەكداری 300 كەسی كردووە.

- ساڵی 1920 شێح ئەحمەدی بارزان، بە نوێنەرایەتی خۆی، مەلا مستەفا رەوانەی باكووری كوردستانی دەكات بۆ ئەوەی چاوی بە شێخ سەعیدی پیران بكەوێت و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەكەی دروست بكات.

-لە نێوان ساڵانی 1931 – 1932 سەرپەرشتیی هێزێكی بارزانییەكان دەكات بۆ بەرگریكردن لە دەڤەری (مێرگەسۆر – شێروان) لە بەرامبەر هێزی دای ئینگلیزەكان، لەو شەڕەدا بە هۆی لێهاتوویی و كارزانییەوە، ناوبانگێكی زۆری بەدەست هێنا و توانیوویەتی ناوچەكە بپارێزێت.

-مەلا مستەفا بارزانی، سەركردایەتی شۆڕشەكانی بارزان، لە ساڵانی 1943 و 1945 لە باشووری كوردستان كردووە.

-  له‌ ساڵی 1934دا لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و ژمارەیەك تێكۆشەری ناوچەكە، روویان كردووه‌تە توركیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەریەتی بكەن، دواتر بە هۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لە لایەن ئینگلیزەكان و دەسەڵاتی ئەو كاتەی عێراق بۆ باشووری عێراق دوورخراونەتەوە. پاشان گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی 10 ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر بردووە.

ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و سه‌رۆك مسعود بارزانی، سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوولی

مه‌لا مسته‌فا بارزانی 12ـی تەممووزی 1943 بە هاوكاریی كۆمەڵەی هیوا، توانی خۆی لە سلێمانی دەرباز بكات و بچێتە رۆژهەڵاتی كوردستان.

- لە هەمان ساڵدا، واتە لە 1943، لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەك گەنج لە دەوری كۆبوونەوە، لە ماوەی دوو مانگدا، 2000 چەكداری خۆبەخش، ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی دەربڕی و توانیان دەست بەسەر زۆرینەی بنكەكانی پۆلیسی ناوچەكەدا بگرن.

- لە پایزی 1943ـدا حكومەتی بەغدا شاندێكی رەوانەی بارزان كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی نەمر وتوێژ بكات و شەڕ بوەستێت، مەلا مستەفا بارزانیش مەرجی ئەوەی خستەڕوو، كە دەبێت سەرجەم دوورخراوەكان و شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە، دانوستان كۆتایی هات و حكوومەتی نووری سەعید هەموو مەرجەكانی مەلا مستەفا بارزانی جێبەجێ كرد.

- لە 1943 – 1945 شۆڕشی بارزانی لە دژی حكوومەتی عێراق، كە لە لایەن بەریتانیاوە پشتیوانی لێدەكرا، سەری هەڵدا و لەو جارەدا، شۆڕش ناوچەیەكی فراوانتری كوردستانی گرتەوە.

- لە 11ـی ئایاری 1945 بارزانی و پێشمەرگەكانی روویان كردە رۆژهەڵاتی كوردستان.

- لە 22ـی كانوونی دووەمی 1946 بارزانی لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد بەشداریی كرد و لە لایەن قازی محەممەد، سەرۆك كۆماری كوردستان، كرایە فەرماندەی سوپای كۆماری كوردستان و پلەی ژەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.

لە 16ـی ئابی 1946 مەلا مستەفا بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامەزراند و وەك سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا، دواتر لە سەرجەم كۆنگرەكانی ئەو حزبەدا، وەك سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە.

ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ پۆلێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی كه‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ ده‌سته‌ راستی وه‌ستاوه‌
ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ پۆلێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی كه‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ ده‌سته‌ راستی وه‌ستاوه‌

دوای نسكۆی كۆماری كوردستان، لە 1947 رێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەست پێ كرد، بارزانی ئامادە نەبوو خۆی رادەستی دەسەڵاتی شاهەنشایی ئێران بكات، بۆیە بە خۆی و پتر لە 500 خەباتكاری كورد، روویان كردە یەكێتی سۆڤیەت و لەو رێڕۆیشتنەشدا، رووبەڕووی سوپاكانی عێراق و ئێران و توركیا بوونەوە.

- رۆژی 17ـی حوزەیرانی 1947 بارزانی و یاوەرەكانی لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەكێتی سۆڤیەت.

- لە یەكێتیی سۆڤیەت، كە ستالین سەرۆكی یەكێتییەكە بوو، مامەڵەیەكی توند لەگەڵ بارزانی و یاوەرانی دەكرا، تا دوای مردنی ستالین لە 1953 رەوشی ژیانیان گۆڕانی بەسەردا هات.

- بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت، سەرەڕای تێپەڕینی 45 ساڵ بەسەر تەمەنی، لە ئەكادیمیای زمانەكان لە مۆسكۆ دەستی بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و زانست و زمانی رووسی كرد.

- لە دوای كودەتای چواردەی تەممووزی 1958 بارزانی و یاوەرەكانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا هەولێر، پێشوازییەكی گەرمی جەماوەرییان لێكرا.

- عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك كۆماری عێراق لە 7ـی تشرینی یەكەمی 1958 پێشوازیی لە بارزانی و یاوەرانی كرد.

- لە 11ـی ئەیلوولی 1961 تا 1975 رابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد. شۆڕشی ئەیلوول، 14 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدیهێنا.

- لە 11ـی ئاداری 1970 بارزانی و حكوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككەوتن، یەكەم جار بوو لە مێژووی كوردستاندا، شۆڕشێكی كوردستانی بە 9 ساڵ خەبات، بتوانێت ئەو دەستكەوتە مێژوویە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات.

- مستەفا بارزانی لە ژیانیدا، دوو جار و بە (موعجیزە) لە هەوڵی تیرۆركردنی، رزگاری بووە، یەكێكیان لە 29ی ئەیلوولی 1971 و دووەمیشیان لە 16ـی تەممووزی 1972دا، بەڵام هەردوو جار، لەبەر بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی و دروست نەبوونی شەڕ، رێككەوتنی ئاداری 1970ـی لەگەڵ بەغدا هەڵنەوەشاندەوە.

- لە 6ـی ئاداری 1975 بە هۆی رێككەوتنی سەدام حوسێن و محەممەد رەزا شای ئێران لە جەزائیر، شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو، بەو هۆیەوە بارزانی نەمر و هەزاران پێشمەرگە و هاونیشتمانی كوردستان، رێگەی ئاوارەییان هەڵبژارد.

- لە دوای نسكۆی 1975ـیش، چاودێریی و سەرپەرشتیی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی كوردستان كردووە.

مستەفا بارزانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی چووەتە ئەمەریكا، هاوكات لەگەل وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام لە میدیا و نێوەندەكانی بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، داوای پشتیوانی بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكرد.

- لە 1ـی ئاداری 1979 دا و لەتەمەنی 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون، لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد.

- لە 4ـی ئاداری هەمان ساڵ، تەرمی مستەفا بارزانی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، دواتر بە هێلیكۆپتەر، گەڕێندرایەوە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار كەسەوە لە پەنابەرانی كوردستانی عێراق و خەڵكی رۆژهەڵَاتی كوردستان و كوردانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان، پێشوازی كرا، رۆژی 5ـی ئادار، بە ئامانەت بە خاك سپێردرا.

- لە 6ـی تشرینی یەكەمی 1993، روفاتی (مستەفا بارزانی) و (ئیدریس بارزانی) كوڕی، لە رۆژهەڵاتی كوردستان، گواسترانەوە هەرێمی كوردستان و لە زێدی لەدایكبوونیان لە بارزان، بەخاك سپێردران.