ریشی سوناک پەیامێک ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی بەریتانیا دەکات

K24 - هەولێر
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، رێگە مەدەن ئیسلامییە توندڕەوە سیاسییەکان خۆپیشاندانەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا ببەن، ئیسلامی سیاسی دەیەوێت موسوڵمانەکان لە کۆمەڵگە داببڕن.
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئاداری 2024، ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پەیامێکی ئاڕاستەی خۆپیشاندەرە بەریتانییەکان کردو گوتی: "رێگە مەدەن ئیسلامییە توندڕەوە سیاسییەکان خۆپیشاندانەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا ببەن، بە پێچەوانەوە دەستی پۆلیس کراوەیە".
بەگوتەی ئەوان: "بیروباوەڕی ئیسلام بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەلایەن ملیۆنان کەسەوە لە وڵاتەکەمان پەیڕەو دەکرێت، هەمان ئەو بیروباوەڕە نییە ئیسلامی سیاسی و ئایدۆلۆژی بەکاردەهێنێت، کە دەیانەوێت موسوڵمانان جیابکەنەوە لە تێکڕای کۆمەڵگە". گوتیشی، "ئیسلامی سیای ژەهری تونڕەوی بڵاو دەکەنەوە."
ریشی سوناک رایگەیاند، خەڵک دەتوانێت بە ئازادانە خۆپیشاندان بکات و رەخنە لەکارەکانی حکومەتی بگرێت بەڵام ناتوانێت داوای رووخانی دەوڵەتی ئیسرائیل و لەناوبردنی جووەکان بکات. بۆیە داوا لە خۆپیشاندەران دەکەم رێگە نەدەن تونڕەوەکان کارەکانتان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا ببەن.