رێکخراوی ئافرەتانی سەر بە UN: رۆژانە 63 ئافرەت لە غەززە دەکوژرێن

K24 - هەولێر

رێکخراوی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، رۆژانە 63 ئافرەت لە غەززە دەکوژرێن و 87% لە ئافرەتانیش بەراورد بە پیاوەکان بە زەحمەتتر دەتوانن خواردن بە دەست بهێنن، هەربۆیە بەشێکیان لە نێو پاشماوەکاندا بەدوای بەرماوەی خواردن دەگەڕێن.

ئەم رێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کار لە سەر داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و یەکسانی جێندەریی و بەهێزکردنی توانای ئافرەتان دەکات لە تازەترین راپۆرتیدا ئاماژەیداوە، ئەو شەڕەی بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتووە جیاوازی لەنێوان هیچ کەسێکدا ناکات و ئافرەتانیش بەجۆرێک دەکوژرێن و دەکرێنە ئامانج، کە پێشینەی نەبووە و لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەکوو ئێستا 9 هەزاز ئافرەت کوژراون.

بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، رۆژانە بە شێوەیەکی تێکڕا 63 ئافرەت دەکوژرێن، لە نێویاندا 37 دایکانن، بەمەش خێزانەکان هەڵدەوەشێننەوە و منداڵەکانیشیان بێ پارێزەر دەبن.

هەر لە راپۆرتەکەی رێکخراوی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، چوار لە پێنجی ئافرەتانی کەرتی غەززە، کە دەکاتە 84%ی تەواوی ئافرەتانی غەززە، ژەمەکانی خواردنی خێزانەکانیان بۆ نیوە و کەمتر لە نیوە کەمبووەتەوە، بەراورد بە ژەمەکانی بەر لە دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل.

هەروەها 87% ئافرەتان بەراورد بە پیاوەکان بە زەحمەتتر دەتوانن خواردن بە دەست نهێنن، هەربۆیە بەشێک لە ئافرەتان بۆ دەستکەوتنی بڕێک خواردن لە نێو تەنەکەی خۆڵ و پاشماوەکاندا بەدوای بەرماوەی خواردن دەگەڕێن.

رێکخراوی ئافرەتان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داواکارە هەرچی زووە هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێتە کەرتی غەززە و سنوورێکیش لەبەردەم هێرش و وێرانکردنی ژێرخانی ئەو کەرتە دابنرێت. هۆشداریشدەدات، ئەگەر بە پەلە ئاگربەستی مرۆیی رانەگەیەنرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە چەند رۆژ و هەفتە داهاتوودا خەڵکێکی زۆرتر گیان لەدەستدەدەن.

شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل نزیک دەبێتەوە لە پێنج مانگ بەگوێرەی تۆمارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، لە (7ی ئۆکتۆبەری 2023) تاوەکوو ئێستا زیاتر لە  30 هەزارو 228 کەس کوژران و زیاتر لە 71 هەزار و 377 کەسی دیکەش برینداربوون،  کە زۆرینەی ئافرەتان و منداڵانن.

Fly Erbil Advertisment