نیکاراگوا وڵاتێکی ئەوروپی تۆمەتبار دەکات لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی هاووڵاتیانی غەززە

K24 - هەولێر
نیکاراگوا ئەڵمانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی ئاسانکاریکی بۆ کۆمەڵکوژییەکانی غەززە کردووە، هەروەها هاوکارییەکانی ئاژانسی ئۆنروای هەڵپەساردووە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، نیکاراگوا یاداشتێکی پێشکەشی دادگای دادی نێودەوڵەتی کردووە کە بارەگاکەی لە لاهایە لە هۆڵەندا، کە دەڵێت: "ئەڵمانیا ئاسانکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، هەورەها شکستی هێناوە لەوەی کار بۆ راگرتنی کۆمەلکوژییەکان بکات".
پێشووتر گۆتێرێس ئاماژەی بە بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی کردبوو، کە داوا لە ئیسرائیل دەکات بەپێی رێککەوتننامەی جینۆساید، هەموو رێوشوێنێک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا سەبارەت بە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بگرێتەبەر، بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی ئەو کردەوانە کە ماددەی دووەمی رێککەوتنەکە دەیگرێتەوە، لەوانە کوشتن، زیانگەیاندن بە جەستە یان دەروونی، سەپاندنی بارودۆخی ژیان بە مەبەستی لەناوبردنی بە کۆمەڵ و هەروەها رێگریکردن لە لەدایک بوون.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارەکانی دادگا ئیسرائیل پابەند دەکات کە "سوپاکەی هیچ کام لەم کارانە ئەنجام نەدات".
گۆتێرێس گوتیشی: بڕیارەکانی دادگا بە پێی میساقی دادگا پابەندکەرن بۆ هەموو لایەنەکان، هەروەها متمانەی بە پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە بڕیارەکانی دادگا هەیە.
لە 26-1-2024، دادگای دادی نێودەوڵەتی، فەرمانی بە ئیسرائیل کرد کە رێوشوێنی رێگری لە کۆمەڵکوژی دژی فەڵەستینییەکان و باشترکردنی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بگرێتەبەر.
لە 11 و 12ـی 1ـی 2024، دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای دوو دانیشتنی گشتی ئەنجامدا لە چوارچێوەی دەستپێکردنی ئەو داوایەی کە باشووری ئەفریقا لە دژی ئیسرائیل بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە تۆماری کردبوو.