رۆژئاوای کوردستان.. هێرشکردنە سەر رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی سەرکۆنە دەکرێت
K24 - هەولێر
نۆ رێکخراو و لیژنەی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە سووریا هێرشکردنە سەر رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی لە شارەکانی "کۆبانێ و دەربێسیێ"ـی رۆژئاوای کوردستان سەرکۆنە دەکەن.
هەر یەکە لە لیژنەی کورد بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا (راسد)؛ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سووریا (ماف)؛ ڕێکخراوی بەرگری لە زیندانیانی ڕا لە سوریا (رەوانگە)؛ ڕێکخراوی کوردی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سوریا (داد)؛ سەندیکای گشتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا (فەرمانگەی یاسایی)؛ ڕێکخراوی ژنانی کوردی ئازاد؛ هێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان؛ ئەنجوومەنی ئێزیدی سووریا و لیژنەی مافی مرۆڤ لە دیداری دیموکراتی نیشتمانی لە سووریا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هێرشکردنە سەر رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانییان سەرکۆنە کرد.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بە توندی هێرشەکەی دوێنێی ئەندامانی رێکخرای "جوانێن شۆڕشگێڕ"ـی سەر بە پەیەدە بۆ سەر چالاکوانە سیاسییەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) و میوانانی رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی ڕێبەری مێژوویی کورد مەلا مستەفا بارزانی لە شاری کۆبانێ سەرکۆنە دەکەین. ئێمە زۆر نیگەرانین لەو کارە تێکدەرانەی بەردەوام رێکخراوەکە دەرهەق بە چالاکوانە مەدەنی و سیاسییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامیان دەدات".
جەختیش لەوە کراوەتەوە، "ڕێبەری مێژوویی کورد مەلا مستەفا بارزانی ڕەمزێکی گەورەی نەتەوەییە لە نێو گەلی کورد لە سووریا، بۆیە هێرشکردنە سەر ئاهەنگی 45 ساڵەی کۆچی دوایی، بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین". ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کارە تێکدەرەی چالاکوانەکانی سەر بە پەیەدە ئەنجامی داون، "پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤە".
چیڕۆکی رووداوەکە
کاتژمێر 11:30 خولەکی پێشنیوەڕۆی رۆژی هەیینی، 01-03-2024، دەیان گەنجی سەر بە رێکخراوی "جوانێن شۆڕشگێر"ـی سەر بە پارتیی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)؛ هێرشیان کردە سەر نووسینگەی پارتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا (پەدەکەسە) لە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) رێوڕەسمی بەبۆنەی 45 ساڵەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی تێیدا بەڕێوەدەچوو.
ئەو گەنجانەی سەر بە پەیەدە کەرستە، ئامێری ئەلیکترۆنی، ئاڵا، وێنە و دەیان کەلوپەلی دیکەی نووسینگەی پارتیی دیموکراتی کوردستان – سووریایان سووتاندن و، هاوکات هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک میوان و ئامادەبووی رێوەڕەسمەکە کە بەشێکی زۆریان منداڵ، ئافرەت و بەساڵاچوو بوون.
هاوکات لە شاری دەرباسیێی رۆژئاوای کوردستان، دەیان ئەندامی دیکەی سەر بە پەیەدە هێرشیان کردە سەر رێوڕەسمی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، کە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا رێکخرابوو. ئەو ئەندامانەی پەیەدە، پەلاماری ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە و چالاکوانانی سیاسییان دا و ئامێر و کەلوپەلەکانی ناوەوەی هۆڵەیەکان سووتاند.
45 ساڵەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی
رۆژی هەیینی، 01-03-2024، 45 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری مێژوویی گەلی کورد تێپەڕی. مەلا مستەفا بارزانی کە پێنجەمین و دوایین كوڕی شێخ محەممەدی بارزانە، لە 14/3/1903 لە گوندی بارزان لە دایكبووە.
45 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی رێباز و بنەما راست و دروستەكانی خەبات و تێكۆشانی درێژخایەنی، بووەتە سەر مەشق و هەوێنی كوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاكی كوردستان.
مەلا مستەفا بارزانی، ھەموو ژیانی خۆی بۆ بەدیھێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد تەرخانكرد. ئەو خودانی دید و رێبازێكی شۆڕشگێڕانە بووە. ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە حەق و عەدالەتخوازی و خەباتكردن لە دژی زۆرداریی و رەتكردنەوەی ژیانی بندەستی، لە خەسڵەتە دیارەكانی كەسایەتی ئەو بووە.
مەلا مستەفا بارزانی، لە قۆناغێكی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، كە جگە لە خوا و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام بههۆی ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كورد لەق نهبوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.