زیاتر لە یەک ملیار کەس بەدەست قەڵەویەوە دەناڵێنن

K24 - هەولێر
گۆڤاری "زە لانسیت"ـی پزیشکی بڵاوی کردەوە، زیاتر لە یەک ملیار کەس لە جیهاندا بەدەست قەڵەویەوە دەناڵێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی داتاکانی ساڵی 2022، لەو یەک ملیارە 880 ملیۆن کەسانی پێگەیشتوون و 159 ملیۆنیش منداڵن.
کەناڵی "بی بی سی" ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەی ئاشکرا کرد کە لە تونگا تۆمارکراوە، کە دەکەوێتە نێوان نیوزلەندا و هاوای، دەڵێت: لە %80-70 کەسانی پێگەیشتووی رەگەزی نێر قەڵەون.
زانایانی نێودەوڵەتی رایانگەیاند، پێویستە ئەو رێکارانە بگیرێتە بەر کە چۆن چارەسەری قەڵەوی دەکرێت، چونکە قەڵەوی دەبێتە هۆی زۆرێک لە تووش بوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، وەک نەخۆشی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و هەمووجۆرە نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان.
بەگوێرەی پۆلێنکردنی قەڵەوی جیهانی بە هەژمارکردنی جیاوازی تەمەن، توێژەران دەڵێن: ئەمەریکا ریزبەندی دەیەمی گرتووە، کە زۆرترین پیاوی قەڵەوی تیدایە و هەروەها لە رووی ئافرەتانی قەڵەویش پلەی 36مینی گرتووە.
هیندستان لە ریزبەندی 19یەم، دێت کە کەمترین ئافرەتی قەڵەوی هەیە، هەروەها بۆ پیاوانی قەڵەویش لە ریزبەندی 21مین دێت.
چین لە ریزبەندی 11ـی جیهانی دێت کە کەمترین ئافرەتی قەڵەوی هەیە، بۆ پیاوانیش لە ریزبەندی 52مین دێت.
پڕۆفیسۆر مەجید عزەتی، توێژەری زانکۆی ئمپڕیال لە لەندەن بە بی بی سی راگەیاند، لە ژمارەیەک ولاتە دوورگەییەکان خواردنە تەندروستەکان بەردەستە، وەک لە خواردنە ناتەندروستەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک کاتدا کارەکانی بە بازاڕکردن بۆ خۆراکە ناتەندروستەکان دەکرێت، کە دەستکەوتنی خۆراکە تەندروستەکان زۆر ئەستەم دەبێت.
عزەتی گوتیشی: ئەگەر سەیری داتاکان ساڵانی رابردووی جیهان بکەین، دەبینین چەند بەخێرایی گۆڕانکارییەکان روویداوە، ئێستا هاووڵاتیانی چەندان وڵات رووبەرووی قەڵەوی بوونەتەوە.