ئەندامانی تۆڕێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

دەست بەسەرداگرتنی 40 کیلۆی ماددەی هۆشبەری کریستاڵ - بەسرە
دەست بەسەرداگرتنی 40 کیلۆی ماددەی هۆشبەری کریستاڵ - بەسرە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، دەستگیرکردنی تۆڕێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بازرگانی ماددەی هۆشبەرەکان و دەست بەسەرداگرتنی 40 کیلۆ ماددەی هۆشبەری لە شاری بەسرەی باشووری عێراق راگەیاند.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە؛ دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، بەهەمانگی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، هەروەها هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەچەند رۆژی رابردوودا توانرا تۆڕێکی گەورەی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیربکرێن، کە پێکهاتبوون لە 16 تۆمەتبار .

هەر لە چاڵاکییەکەدا بڕی 40 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەشاری بەسرە دەستی بەسەردا گیراو تۆڕە بازرگانییەکە هەڵوەشێندرایەوە، کە باندێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان راشیگەیاندووە، تۆمەتباران بەگوێرەی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.