شەهباز شەریف: كاردەکەین بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوروپا

K24 – هەولێر:
دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی پاکستان شەهباز شەریف دۆستی سەرۆكوەزیرانی پێشوو عیمران خان بە سەرۆكوەزیرانی نوێی پاكستان هەڵبژێردرا لە یەكەم گوتاریدا دەڵێت: كاردەكەین بۆئەوەی پاكستان بگاتەوە بە ئاستی شیاوی خۆی.
ئەمڕۆ یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) شەهباز شەریف، سەرۆكوەزیرانی نوێی پاكستان، لەمیانەی گوتارێکدا رایگەیاند، پێویستە چارەنووسی پاكستان بگۆڕین، پێكەوە بەسەر ئالنگارییەكاندا زاڵبین، تا پاكستان دەگاتەوە پێگەی شیاو و راستەقینەی خۆی.
سەرۆكوەزیرانی پاكستان، ئاماژەی بەوەدا، سەرەتا دەبێت پەیوەندییە مێژووییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا چاكبكەنەوە، دواتر پەیوەندییەكانیان بنیادبنێینەوە و پاشان بازرگانی و بەرگری و دارایی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان بەرەو باشتر ببەن.
شەهباز شەریف، دەڵێت: پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دروستدەكەین، هەروەها پابەندی پرەنسیپ و دادپەروەری دەبین لەگەڵ دراوسێكانمان".
دوای سێ هەفتە لەهەڵبژاردنی پێشوەختە، پەرلەمانی پاکستان شەهباز شەریف بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژارد.
دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بەهۆی خۆپیشاندانی لایەنگرانی عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، لەژێر چاودێری توندیی ئەمنیدا بەڕێوەچوو.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەهەڵبژاردنەکانی هەشتی شووباتی ئەمساڵ پارتی ئیسلامی نەواز بەسەرۆکایەتی شەهباز شەریف توانی 72 کورسی لەکۆی 446 کورسی پەرلەمانی پاکستان بەدەست بهێنێت.
بۆ هەڵبژاردنەکە 128 ملیۆن هاووڵاتى پاکستان مافى دەنگدانیان هەبوو، هەروەها کێبڕکێیەکی توند لەنێوان پارتەکەی عیمران خان و پارتەکەی نەواز شەریف و بێلاوال کوڕی بێنەزیر بۆتۆ، هەبوو.