دیداری رافیدەین بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 تاوتوێی کێشەکانی عێراق و ناوچەکە دەکات

دیبەیتی کوردستان24 لە دیداری رافیدەین
دیبەیتی کوردستان24 لە دیداری رافیدەین

سیاسەمەدارێکی عێراقی، وەزیرێکی پێشووی ئوردنی و مامۆستایەکی کۆمەڵناسی لە زانکۆیەکی لوبان لەمیانەی بەشداریکردنیان لە دیبەیتی کوردستان24، سەرنجی خۆیان لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە خستەڕوو، جەختیان لە چارەسەرکردنی كێشەکان بە شێوەی دیالۆگ کردەوە، هاوکات هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەگەر یەکسانی و دادپەروەری لە عێراق هەبێت، هاووڵاتییان گەشبین دەبن بە داهاتووی ئەو وڵاتە و بیر لە کۆچ ناکەنەوە.

عەبدولحوسێن شەعبان، سیاسەتمەداری عێراقی رایگەیاند، لە عێراق ستەمێکی زۆر لە گەلی کورد کراوە، لەکاتێکدا کورد لایەنێکی سەرەکی پێشخستنی ناوچەکەیە. باسی لەوەشکرد، فیدراڵی لە عێراقدا هێشتا پێنەگەیشتووە و پێویستە ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق دابمەزرێت.

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە ئاماژەی بەوەدا، کورد و عەرەب هاوبەشن لە عێراق هاوبەشیکردنەش لە بڕیاردایە، بەڵام هێشتا دەمارگیریی لە عێراقدا هەیە و بەردەوامە. ناوبراو دەشڵێت: هیچ ناکۆکییەکی راستەقینە لەنێوان کورد و عەرەبدا نەبووە

عەبدولحوسێن شەعبان، گوتی: دەستووری عێراق پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی  لە هەموارەکەدا هەموو لایەنەکان و نەتەوەکان بتوانن بەشدارن بن لە داڕشتنەوە تا مافی هیچ لایەک پێشێل نەکرێت.

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، دەبێت هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەروەها لە عێراقدا بەهەدەردانێکی زۆر گەورە هەم لە بواری داهات، هەم لە سامانە سرووشتییەکان هەیە.

لەبارەی هەرێمی کوردستان ناوبراو روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان ئەرک و مافی خۆی هەیە، هەروەها پەیوەندی هەولێر و بەغدا پێویستی گفتوگۆکردنی هەردوولایە.

لەلایەکی دیکەوە سه‌مير حه‌باشنه، وەزیری پێشووی ئوردن، دەڵێت: لە عێراق دەتواندرێت کێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆی نێوان هەموو لایەنە مەزهەبی و نەتەوەییەکان هەیە.

وەزیری پێشووی ئوردن، ئاماژەی بەوەدا، مافی هاووڵاتیبوون لە عێراق پێشێل کراوە، ئەگەر  لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی عێراق کار دەکەن بۆ هاووڵاتییان بگەڕێننەوە ئەوا دەبێت بەو ئەو بابەتە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرن.

سه‌مير حه‌باشنه، گوتیشی: پێویستە لایەنە جیاوازەکانی عێراق بگەنە لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری کێشەکان، هەروەها بە بۆچوونی وەزیری پێشووی ئوردن کورد و عەرەب مێژووێکی هاوبەشیان هەیە.

لەلایەن خۆیەوە ماریز یونس، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆیەکی لوبنان لەبارەی دیداری رافیدەین رایگەیاند، ئەم دیدارە بۆ نزیکبوونەوەی نەتەوە و پێکهاتەکان گرنگه و دەرفەتێکی باشە بۆ دروستبوونی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوانیان.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت جەماوەریش رۆڵیان هەبێت، ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، پێویستە سیاسییەکان گوێ لە رۆشنبیران بگرن.

ماریز یونس، گوتی: گەنجەکانی عێراق لە حکومەت و سیاسییەکان ناڕازین، بەهۆی ئەوەی کە دەبینین جیاوازییەکی زۆر لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگە هەیە هەژارەکان پەراوێز خراون.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، باس لەوەش دەکات، گەنجانی زۆرینەی وڵاتان، لەنێویشیان گەنجانی عێراق هەست بە پەراوێزخستن دەکەن بۆیە کۆچ دەکەن.

ماريز يونس، گوتیشی: سەرەڕای هەموو کێشە و قەیرانەکان بەڵام من گەشبینم بە داهاتووی عێراق.

ئەمڕۆ (3ـی ئاداری 2024) پێنجەمین دیداری رافیدەین لەژێر درووشمی "ئاییندەی مرۆڤ، قەیران و گۆڕانکارییەکان" دەستپێکرد، هاوکات کوردستان24 سپۆنسەریی میدیایی کۆڕ و دانیشتنەکانی دیدارەکە دەکات.

دیداری رافیدەینی ئەمساڵ 11 پانێڵ لەخۆ دەگرێت، کە زۆرینەی پانێڵەکان بەرپرسانی باڵا لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق، وەزیر، پەرلەمانتار و راوێژکاران بەشداری تێیدا دەکەن، هەروەها دیدارەکە بۆ ماوەی 3 رۆژ لە  (3 بۆ 5 ئاداری 2024) بەردەوام دەبێت.